گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گۆڕان لەبارەى وەرگرتنی پارە لە پارتی ڕوونکردنەوە دەدات

2021.04.11 - 13:18
App store icon Play store icon Play store icon
گۆڕان لەبارەى وەرگرتنی پارە لە پارتی ڕوونکردنەوە دەدات

ناس کورد-

بزوتنەوەى گۆڕان ڕایگەیاند، "هەواڵی وەرگرتنی بودجە یاخود بڕە پارەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان یان هەر حزبێکی سیاسیی دیکە بۆ گۆڕان زانیارییەکی ناڕاست و بێ بنەمایە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕوونکردنەوەکەى گۆڕان زۆر کورتە و هیچ زانیارییەکی لەبارەى جۆری ئەو "زانیارییە ناڕاست و بێ بنەمایانە" نەخستووەتەڕوو کە بڵاوکراوەتەوە.

 

ڕۆژی 8ی نیسانی 2021، ڕێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان لەنامەیەکى توندا بۆ فراکسیۆنى حزبەکەى لە بەغدا دوایین وادەى دیاریکردووە بۆ کشانەوەیان لە هاوپەیمانى هیوا، فراکسیۆنەکەش داواکەى ڕەت دەکاتەوە.

 

نامەکەى رێکخەرى گشتى گۆڕان بۆ فراکسیۆنەکەیان لەبەغدا هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانى بزوتنەوەکە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق و بەستنى هاوپەیمانى و دیاریکردنى کاندیدەکانى.

 

دوو سەرچاوە لە فراکسیۆنى گۆڕان لە بەغدا بۆ "ناس کورد" یان ئاشکراکرد، عومەرى سەید عەلى رێکخەرى گشتى گۆڕان نامەیەکى توندى ئاڕاستەى فراکسیۆنەکە کردووە و دوایین مۆڵەتى پێداون بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو بزوتنەوەکە و کشانەوەیان لە هاوپەیمانى هیوا.

 

یەکێک لەسەرچاوەکان وتى، "لەوەڵامی نامەکەی ڕێکخەری گشتی گۆڕاندا، فراکسیۆنەکە نامەیەکی توندی ئاڕاستەی ڕێکخەری گشتی کردوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە گۆڕان لەژێر فشاری پارتیدا ئەو فشارەیان لەسەر دەکات وئەوانیش دەستبەرداری ئامانجەکانی خۆیان نابن".

 

وتیشى، "لەوەڵامەکەدا فراکسیۆنى گۆڕان جەختیکردووەتەوە شەرعیەت لای ئەوانە و هه روەکو فراکسێۆنی گۆڕانیش مامەڵە دەکەن ولەهاوپەیمانی هیواش ناکشێنەوە".

 

بەوتەى سەرچاوەکە، فراکسیۆنەکە لەنامەکەدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە لەبەرامبەردا گۆڕان چی پێباشە دەتوانێت لەدژیان بیگرێتەبەر و ئەوانیش لەکارەکانی خۆیان بەردەوام دەبن.

 

ڕۆژى 7ی ئەیلولى رابردوو فراکسیۆنى گۆڕان پەیوەندییەکانى لەگەڵ بزوتنەوەکە هەڵپەسارد، بەهۆى بڕیارى بزوتنەوەکە بۆ مانەوەیان لە حکومەت "بەبێ هیچ راپرسی و دەنگدانێک" لەو بارەیەوە، لەگەڵ شێوازى مامەڵەیان لەگەڵ فراکسیۆنەکە کە داواى کشانەوەیان کردبوو لە حکومەت.

 

ئەو بڕیارە دواى دوو ڕۆژ هات لە کۆبوونەوەکەى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان، کە مشتومڕى توندى بەخۆوە بینى لەنێوان غالب محەمەد نوێنەرى فراکسیۆنەکە و بەرپرسانى بزوتنەوەکە، لەسەر پرسی کشانەوەی گۆڕان لەحکومەت.

 

سەرچاوەیەکى دیکە لە فراکسیۆنى گۆڕان، رەوانەکردنى نامەى لەلایەن گۆڕانەوە بۆ فراکسیۆنەکە رەتنەکردەوە، بەڵام وتى ئەوە پرسێکى ناوخۆییە و ئامادەنەبوو وردەکاریی لەو بارەیەوە ئاشکرا بکات.

 

کاردۆ محەمەد، رێکخەرى ژورى پەرلەمانى بزوتنەوەى گۆڕان پێشتر بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو، "بەپێی چوارچێوەى کاریی دامەزراوەیی رێگە بەهیچ ئۆرگانێک نادرێت کە بریارى پێشوەختە بەسەر بزوتنەوەکەدا بسەپێنێت، یاخود هەوڵبدات لەدەرەوە بڕیارى خۆى بسەپێنێت، بەڵکو دەبێت بە گفتوگۆ لەناو ئۆرگانەکاندا پرۆسەى بڕیاردان گفتوگۆى لەسەر بکرێت و بڕیارى پێویست لەسەر پرسەکان بدرێت".

 

گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق خاوەنى پێنج پەرلەمانتارە کە پێکهاتوون لە (یوسف محەمەد سەرۆکى فراکسیۆن، کاوە محەمەد، هۆشیار عەبدوڵا، بەهار مەحمود، غالب محەمەد). ئەو پەرلەمانتارانە ئێستا بەشێکن لە هاوپەیمانى هیوا کە لە فراکسیۆنەکانى دەرەوەى پارتى و یەکێتى پێکهاتووە.