گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

لاهور شێخ جەنگى دەستخۆشى لە قوباد تاڵەبانى دەکات

2021.04.09 - 20:03
App store icon Play store icon Play store icon
لاهور شێخ جەنگى دەستخۆشى لە قوباد تاڵەبانى دەکات

ناس کورد-

هاوسەرۆکى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان پەیامێکى لەبارەى راگەیەندراوەکەى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە و دەستخۆشى لێکرد.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لاهور شێخ جەنگى (9ى نیسانى 2021) لە پەیامێکدا کە ئاراستەى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کردووە دەستخۆشى لێدەکات کە لەسەر مافى کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانى سیاسى هاتۆتە دەنگ.

 

لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "ده‌ستخۆشى له‌ هه‌ڵوێستى جێگرى سه‌روكى حكومه‌ت كاك قوباد تاڵه‌بانى ده‌كه‌م، كه‌ له‌سه‌ر مافى كه‌سوكارى شه‌هیدان، ئه‌نفالكراوان و زیندانیانى سیاسى هاتۆته‌ ده‌نگ. هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان بێ جیاوازی و به‌ هه‌موو چین و تویژه‌كانه‌وه، خاوه‌نى راسته‌قینه‌ى سامانى ژێر زه‌وى و سه‌ر زه‌وى و ئه‌م خاكه پیرۆزه‌ن، ناكرێت لێبگه‌ڕێین به‌مه‌رامى سیاسى بێ به‌ش بكرێن له‌ مافه‌ ره‌واكانیان".

 

‎پەیامەکە لە کاتێکدایە کە پێشتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەنراوێكدا دڵنیاییەکی بۆ کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لەھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بڵاوكردەوە لەبارەی وەرگرتنی زەوی، ئەمەش لەپاش ڕوونكردنەوەیەكی وەزارەتی شارەوانی هۆشداری دابوو لێكەوتەی بەدوادا دێت و نا یاساییە.  

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكەی قوباد تاڵەبانی كە وێنەی ئاراستەی "ناس كورد" كراوە ئەمەی خوارەوەیە:  

 

لەوانەیە بە لێدوان و ڕوونکردنەوەی نابەرپرسانە، دڵگران بووبن و وا هەستتانکردبێت کەسانێک هەن، ڕێگرن لەبەردەم وەرگرتنی زەوییەکانتان کە مافێکی ڕەوا و یاسایی خۆتانە. من لێرەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە هیچ کەس و هێزێک نیە، بتوانێت لەبەردەم مافە رەواکانتان بوەستێتەوە. 

 

ئەو زەوییانەی وەری دەگرن هەموو ڕێکارێکی یاسایی پێویستی بۆ كراوە و بەئیمزای بەندە و بەپێی سێ فەرمان لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرکراون و رێکارەکان لەکابینەی نۆیەمدا تەواوکراون، کە ناوەڕۆکی سێ فەرمانەکە بریتییە لە دابەشکردنی زەوی بەسەر ١١١٤٢ کەس لە کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان. 

 

بۆیە دووبارە دڵنیاتان دەکەمەوە بە هیچ شێوەیەک قابلی قەبوڵ نابێت ڕێگریتان لێ بکرێت بۆ وەرگرتنی مافێکی ڕەوا و یاسایی ئێوەی دڵسۆز و قوربانیدەر. 

 

دوای بڕیاردان بە دابەشکردنی زیاتر لە پێنج هەزار پارچە زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراواندا لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەکارهێنانی زەوی گشتی لە پێناوی مەرامی سیاسی و دابەشکردنی بەسەر دۆست و لایەنگران و دروستکردنی ئەمری واقیعێک بە دوور لە بنەمای یاسایی یاساشکێنییە و هەرکەسێک بیکات لێکەوتەی سیاسیی بەدوادا دێت. 

 

لە ڕوونکردنەوەیەکدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم (هەینی 9ی نیسانی 2021) ڕایگەیاند، "چەند ڕۆژێکە هەواڵێک لە دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن، سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی لە چەند ناوچەیەکی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە".   

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، " توێژەکانی کوردستان ئەوانەی بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان مافی وەرگرتنی زەویان هەیە لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو مافەیان لەبەرچاو دەگرێت و لە کاتی هەبوونی ژمارەی زەوی پێویست کە بەپێی پلان بۆ نیشتەجێکردن ئامادە دەکرێت، بەسەر سەرجەم توێژەکان دابەش دەکرێت، نەوەک بە جیاوازی و لە چەند شوێنێکی دیاریکراو و  بەکارهێنانی زەوی گشتی لە پێناوی مەرامی سیاسی و دابەشکردنی بەسەر دۆست و لایەنگران و دروستکردنی ئەمری واقیعێک بە دوور لە بنەمای یاسایی".   

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو "ڕەفتارکردن و دابەشکردنی زەوی دەبێت بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بێت، بۆ هەموو خەڵکە موستەحەق و شیاوەکان بێت، بەپێی بڕیار و ڕێکار و بنچینە یاساییەکان بێت".   

 

باسی لەوەشکردووە "ڕەفتارکردن و دابەشکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ زەوی و زاری حکومەت و موڵکی گشتی، لەناو سنووری شارەوانییەکان، بەبێ ڕەزامەندیی فەرمی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، هەر لایەن و فەرمانگە و کەسێک بیکات، ئەوا یاساشکێنیە و لێکەوتەی یاسایی بەدوادادێت."

 

جەختیشیکردووەتەوە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەموو شێوەیەک کاری نایاسایی ڕەفتارکردن لەگەڵ دابەشکردنی زەوی بە شێوەی هەوایی و کارت ڕاگرتووە و کاری پێ ناکرێت، پێچەوانەی ئەوە هیچ بەهایەکی یاسایی نابێت. "   

 

ڕوونیشیکردووەتەوە، "موڵکی گشتی و زەوی و زار، موڵکی هەموو خەڵکی کوردستان و نەوەکانی داهاتوومانە و ڕێگەنادرێت کە بە نایاسایی بەکار بهێندرێت."   

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی (چوارشەممە 7ی نیسانی 2021) میدیای فەرمیی یەکێتی بڵاویکردەوە، به‌پێی فه‌رمانی ژماره‌ ٨٦٩ كه‌ رۆژی 12-2-2018 بە واژۆی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان ده‌رچووه‌ بڕیاردراوه‌ به‌ ته‌رخانكردنی پارچه‌ی زه‌وی نیشته‌جێبوون له‌سنووری پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان كه‌خۆی له‌ ٥٠٦٩ ده‌بینێته‌وه‌و بڕیاریشه‌ سبه‌ینێ ٩٥٨ پارچه‌ی له‌ كه‌لار دابه‌شبكرێت.