ناس كورد_
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەنراوێكدا دڵنیاییەکی بۆ کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لەھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بڵاوكردەوە لەبارەی وەرگرتنی زەوی، ئەمەش لەپاش ڕوونكردنەوەیەكی وەزارەتی شارەوانی هۆشداری دابوو لێكەوتەی بەدوادا دێت و نا یاساییە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەقی ڕاگەیەنراوەكەی قوباد تاڵەبانی كە وێنەی ئاراستەی "ناس كورد" كراوە ئەمەی خوارەوەیە:
لەوانەیە بە لێدوان و ڕوونکردنەوەی نابەرپرسانە، دڵگران بووبن و وا هەستتانکردبێت کەسانێک هەن، ڕێگرن لەبەردەم وەرگرتنی زەوییەکانتان کە مافێکی ڕەوا و یاسایی خۆتانە. من لێرەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە هیچ کەس و هێزێک نیە، بتوانێت لەبەردەم مافە رەواکانتان بوەستێتەوە.
ئەو زەوییانەی وەری دەگرن هەموو ڕێکارێکی یاسایی پێویستی بۆ كراوە و بەئیمزای بەندە و بەپێی سێ فەرمان لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرکراون و رێکارەکان لەکابینەی نۆیەمدا تەواوکراون، کە ناوەڕۆکی سێ فەرمانەکە بریتییە لە دابەشکردنی زەوی بەسەر ١١١٤٢ کەس لە کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان.
بۆیە دووبارە دڵنیاتان دەکەمەوە بە هیچ شێوەیەک قابلی قەبوڵ نابێت ڕێگریتان لێ بکرێت بۆ وەرگرتنی مافێکی ڕەوا و یاسایی ئێوەی دڵسۆز و قوربانیدەر.
دوای بڕیاردان بە دابەشکردنی زیاتر لە پێنج هەزار پارچە زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراواندا لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەکارهێنانی زەوی گشتی لە پێناوی مەرامی سیاسی و دابەشکردنی بەسەر دۆست و لایەنگران و دروستکردنی ئەمری واقیعێک بە دوور لە بنەمای یاسایی یاساشکێنییە و هەرکەسێک بیکات لێکەوتەی سیاسیی بەدوادا دێت.
لە ڕوونکردنەوەیەکدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم (هەینی 9ی نیسانی 2021) ڕایگەیاند، "چەند ڕۆژێکە هەواڵێک لە دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن، سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی لە چەند ناوچەیەکی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە،" توێژەکانی کوردستان ئەوانەی بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان مافی وەرگرتنی زەویان هەیە لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو مافەیان لەبەرچاو دەگرێت و لە کاتی هەبوونی ژمارەی زەوی پێویست کە بەپێی پلان بۆ نیشتەجێکردن ئامادە دەکرێت، بەسەر سەرجەم توێژەکان دابەش دەکرێت، نەوەک بە جیاوازی و لە چەند شوێنێکی دیاریکراو و بەکارهێنانی زەوی گشتی لە پێناوی مەرامی سیاسی و دابەشکردنی بەسەر دۆست و لایەنگران و دروستکردنی ئەمری واقیعێک بە دوور لە بنەمای یاسایی. "
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ڕەفتارکردن و دابەشکردنی زەوی دەبێت بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بێت، بۆ هەموو خەڵکە موستەحەق و شیاوەکان بێت، بەپێی بڕیار و ڕێکار و بنچینە یاساییەکان بێت. "
باسی لەوەشکردووە، "ڕەفتارکردن و دابەشکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ زەوی و زاری حکومەت و موڵکی گشتی، لەناو سنووری شارەوانییەکان، بەبێ ڕەزامەندیی فەرمی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، هەر لایەن و فەرمانگە و کەسێک بیکات، ئەوا یاساشکێنیە و لێکەوتەی یاسایی بەدوادادێت. "
جەختیشیکردووەتەوە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەموو شێوەیەک کاری نایاسایی ڕەفتارکردن لەگەڵ دابەشکردنی زەوی بە شێوەی هەوایی و کارت ڕاگرتووە و کاری پێ ناکرێت، پێچەوانەی ئەوە هیچ بەهایەکی یاسایی نابێت. "
ڕوونیشیکردووەتەوە، "موڵکی گشتی و زەوی و زار، موڵکی هەموو خەڵکی کوردستان و نەوەکانی داهاتوومانە و ڕێگەنادرێت کە بە نایاسایی بەکار بهێندرێت."
ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی (چوارشەممە 7ی نیسانی 2021) میدیای فەرمیی یەکێتی بڵاویکردەوە، بهپێی فهرمانی ژماره ٨٦٩ كه رۆژی 12-2-2018 بە واژۆی قوباد تاڵهبانی، جێگری سهرۆكی حكومهتی ھهرێمی كوردستان دهرچووه بڕیاردراوه به تهرخانكردنی پارچهی زهوی نیشتهجێبوون لهسنووری پارێزگا و ئیداره سهربهخۆكان كهخۆی له ٥٠٦٩ دهبینێتهوهو بڕیاریشه سبهینێ ٩٥٨ پارچهی له كهلار دابهشبكرێت.