ناس کورد-
یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان لەگەڵ سێ حزب تاوتوێی بەستنى هاوپەیمانى کردووە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتوو بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، کۆمەڵی دادگەری داوایان کردووە دوای کۆنگرەی حزبەکەیان گفتوگۆ بکەن لەبارەى بەستنى هاوپەیمانى، جگە لەوانیش لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی لەسەر ئاستی پارێزگا گفتوگۆیان کردووە.
وتیشى "پێمان باشە هاوپەیمانى لە نێوان چەند هێزێکدا بکرێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق".
هێمن ئەسکەندەر باسى لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا لەسەر ئاستی ناوخۆ لەگەڵ پارتی گفتوگۆیان نەکردووە بەڵام لەناوچە کێشەلەسەرەکان سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان گفتوگۆیان کردووە.
سەبارەت بە دیاریکردنی کاندیدانی یەکگرتوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتوو وتی "ئەوە تەنها لە ناوخۆی حزبەکە قسەی لەسەر کراوەو دیاریکردنی کاندیدەکانیش پێویستی بە میکانیزمی تایبەت هەیە، ئەوەش دەکەوێتە دوای کۆتایی هاتنی پرسی هاوپەیمانی".
دوێنێ شاندێکى باڵاى یەکگرتوو سەردانى بزوتنەوەى گۆڕانى کرد و میدیاکانى گۆڕان باسیان لەوەکرد کە ئەو حزبە داواى بەستنى هاوپەیمانى لەیەکگرتوو کردووە.
مانگى رابردووش عەبدولستار مەجید ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى کۆمەڵى دادگەرى لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا ئاماژەى بەوەکردبوو، لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتى و یەکگرتووى ئیسلامى لەگفتوگۆدان و هەوڵدەدەن گفتوگۆکان زیاتر فراوانتر بکەن، بۆ ئەوەى لیستێک و بەرەیەکى هاوبەش پێکبهێنن بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردن.
باسى لەوەشکرد، ئەو لیستە لەئەگەرى پێکهێنانى تەنها بۆ ناوخۆى هەرێم دەبێت نەک بۆ ناوچە جێناکۆکەکان.