ناس کورد- بازرگانی و پیشەسازی
سەرباری ئەوەی قەیرانی داراییو بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كاریگەری لەسەر بازاڕی مۆبایل هەبووە، بەڵام بەڕێوەبەری ماركێتینگو پەیوەندییەكان لەکۆمپانیای ئەسێ دەڵێت، "ڕۆژانە بەبڕی یەک ملیۆنو 200 هەزار دۆلار لە سلێمانی مۆبایل دەفرۆشرینو مانگانەش بەبڕی 50 ملیۆن دۆلار مۆبایل لە سلێمانییەوە بەرەو ئێران دەڕوات".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاپۆرتێکدا کە ماڵپەڕی ژووری بازرگانیو پیشەسازی ئامادەی کردووە، لە سلێمانی هەر لەبەیانییەوە تا دەمەو تاریکی ئێواران، لەناوەڕاستی شەقامی مەولەویو مەزادخانەکەی سەرەوە، دەیان دەستگێڕ دەبینی خەریکی كڕینو فرۆشتنی مۆبایلن، سەرکۆ دەستگێڕێكەو ماوەی چەند ساڵێكە ئەم کارە دەکاتو مێزێکی بچوکی پڕ لەمۆبایلی لەو شەقامە قەرەباڵغەی ناوجەرگەی سلێمانیدا داناوە، ئەو وتی "بە شەش هەزار دۆلارەوە ئەم كارە دەكەم، خەڵک وای لێهاتووە واز لەهەموو شتێک بهێنێ ناتوانێ واز لەمۆبایل كڕین بهێنن".
وتیشی، "بێ موچەییو قەیرانی داراییو بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار وایکردوە خەڵك لەبری مۆبایلی تازە، مۆبایلی دەستی دو بكڕێت، خەڵک راهاتون تازە بەبێ هیچ شتێک ئیدارە بکەن بەبێ مۆبایل ئیدارە ناکەن".
كۆمپانیای ئەسێ بۆ مۆبایلو ئەلیكترۆنیات یەكێكە لەكۆمپانیا سەرەكییەكانی بازاڕی مۆبایل لەعێراقو هەرێمی كوردستان، بەپێی داتاو زانیارییەکانیان "رۆژانە بەبڕی یەک ملیۆنو 200 هەزار دۆلار لەسلێمانی مۆبایل دەفرۆشرێت".
بەڕێوەبەری ماركێتینگو پەیوەندییەكان لەئەسێ، باوەڕ جەمال ئەحمەد بە"بازرگانیو پیشەسازی" راگەیاند پارەیەكی زۆر لەبازاڕی مۆبایل ئاڵوگۆڕی پێدەكرێت كە خۆی لەملیۆنەها دۆلار دەدات، ئەو وتی "تەنها لەسلێمانی رۆژانە بەبڕی 1 ملیۆنو 200 هەزار دۆلار مۆبایل دەفرۆشرێت، هەرچەندە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار وایکردوە بەڕێژەی 20% فرۆشی مۆبایل كەمی كردووە".
وتیشی، "بازاڕی سلێمانی یەكێكە لەو شوێنانەی زۆرترین مۆبایلی بۆ ئێران تیا ساغ دەبێتەوە، مانگانە بە بەهای 50 ملیۆن دۆلار مۆبایل دەڕوات بەرەو ئێران".
باوەڕ ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا هەموو جۆرە مۆبایلە نرخ مام ناوەندو مۆدیل بەرزەكان کە نرخیان لەنێوان 150 دۆلار تا 450 دۆلاردایە زیاتر خواستی لەسەرە، ئەو وتی "بەڵام نوێترین جۆری ئەپڵ کە نرخی 1300 دۆلارە، كڕیاری تایبەت بەخۆی هەیە، هەموو براندەكانی تریش هەیانە نرخی 1000 دۆلارە، وەک سامسۆنگو ئێچ 21و ئێم ئای".
وتیشی، "باشترین جۆری مۆبایل پەیوەندی بەخواستی بەكاربەرەوەیە، هەیە حەزی لەكامێرای باشە، هەیە حەزی لەپاتری باشە، هەیە حەزی لەسیستەمێكی خێرایە، هەیە حەزی لەشاشەی رونە، ئەمە كەوتوەتە سەر ئارەزووی كڕیار".
شارەزایان جەخت لەسەر ئەوە دەكەن تەکنیکو تەكنەلۆژیا ئێستا وەكو پێویستیەكی سەرەكی ژیانی رۆژانەی خەڵكی لێهاتوەو خەڵك ناچارە بەشێك لەداهاتی خۆی بۆ ئەم بوارە تەرخان بكات، کۆمپانیا گەورەو پێشکەوتووەکانی جیهان لەپێشبڕكێیەكی بەهێزدان بۆ بەرهەمێنانی نوێترینو سەرنجڕاکێشترین تەكنەلۆژیا، کە هەموو ساڵێک ڤێرژنی نوێی بەرهەمەکانیان دەخەنە بازاڕەوە.
بەڕێوەبەری ماركێتینگو پەیوەندییەكان لەئەسێ ئەوە روندەکاتەوە کە كێشەی بازاڕی مۆبایل ئەوەیە خەڵكی فێڵیان لێدەكرێت، چونكە هەندێکجار مۆبایلی ریفرێش بەنرخی نوێ بەخەڵك دەفرۆشرێنەوە، ئەو وتی "هەموو جۆرە مۆبایلەکان لەدوبەیەوە دەهێنرێن بۆ کوردستان، هەرچەندە ئایفۆن لەهۆنگ كۆنگ دروست دەکرێو سامسۆنگیش لەكۆریای باشور، بەڵام هەموو دەهێنرێتە دوبەیو لەوێوە بەسەر وڵاتانی تردا دابەش دەكرێتەوە".
وتیشی، "بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كاریگەری لەسەر بازاڕی مۆبایل هەبوە، وایكردووە ئێستا خەڵک زیاتر نرخ هەرزانو مام ناوەندەكان بکڕێت".