ناس کورد-
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە گەڕى سیێەمین دیالۆگى ستراتیژى عێراق-ئەمریکا لەڕێگەى ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەبچێت، بە قسەى بەرپرسانیش، چوار تەوەری سەرەکی لەخۆدەگرێت کە گرنگترینیان چوونەدەرەوەى سوپای ئەمریکایە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەنتۆنى بلێنکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لە توێتیکدا ڕایگەیاندووە، لەگەڵ فوئاد حوسێنى وەزیرى دەرەوەى عێراقدا لەچوارچێوەى دیالۆگى ستراتیژى عێراقى-ئەمریکدا گفتوگۆ دەکات و چەندین پێشنیاز لەسەر سەرجەم بوارەکان لە پەیوەندى ستراتیژى نێوان هەردوو وڵاتتدا دەخاتە ڕوو.
لاى خۆشیەوە، کاتیع ڕوکابى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاندووە، ئەو دیالۆگە سێیەمجارە بۆ ماوەى کەمتر لەساڵێک بەڕێوەدەچێت و بابەتى نوێ لەخۆناگرێت، بەڵکو تەواوکردنى ئەو دیالۆگەیە کە چەند ساڵێک پێش ئێستا لە سەردەمى کابینەکەى نورى مالیکیدا دەستیپێکردووە و ئەمەى دواهەمینیان دەبێت پرسى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا کە لەسەرەتاى ساڵى 2020 بڕیارى لێدراوە چارەسەر بکات.
ڕوکابى دەشڵێت، سەرۆک وەزیران لیژنەیەکى پێکهێناوە کە ئەرکەکەى تاوتوێکردنى دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکایە لە عێراق و ئەو لیژنەیەش قسە لەگەڵ ئەمریکیەکاندا دەکات لەسەر کاتى چوونە دەرەوەیان و ئەوەش تەوەرێکى سەرەکى دەبێت لەدیالۆگى ستراتیژى نێوان هەردوو حکومەت.
باسى لەوەش کردووە، تەوەرەکانى ترى دیالۆگەکە تاوتوێ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و پەیوەندییەکان و پەروەردە و کارەبا و ئاسایشى نیشتیمانى و چەند پڕۆژەیەکى خزمەتگوزارى نێوان هەردوو وڵات دەکرێت.
هاوکات هەر لەسەر ئەو پرسە، دکتۆر موسەننا ئەمین، ئەندامى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمان ڕایگەیاندووە، دیالۆگى نێوان بەغدا و واشنتۆن بەپێى ئەو میکانیزمانە بەڕێوەدەچێت کە هەردوو حکومەت دیاریان کردووە و ئامانج لێى چاودێریکردنى ڕێکەوتنى ستراتیژى نێوان هەردوو وڵاتە کە خزمەت بەرژەوەندییەکانیان دەکات.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، ئەو خاڵانەى کە لەڕێکەوتنەکەى نێوان هەردوو وڵاتتدا هاتووە فرە ڕەهەند و جۆراو جۆر و ئاڵۆزن و ئەم دیالۆگەى ئێستاش چەند تەوەرێک لەخۆدەگرێت.