ناس کورد-
بەرپرسێکى تەندروستى لە هەرێمى کوردستان هۆشدارى دەدات لە دروستبوونى کێشە بۆ وەرگرتنى ڤاکسینى ئەسترازینیکا دواى کەمبوونەوەى بڕەکەى، کە بەوتەى ئەو لەئێستادا خواست لەسەرى نییە لەلایەن خەڵکەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی گەرمیان ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، ئێستا بڕێکی دیاریکراو لە ڤاکسینى ئەسترازینیکا لەڕێگەی حکومەتی عێراقەوە گەیشتووەتە شارەکانی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیان بە سستی بەرەو پیری وەرگرتنی ڤاکسینە دەچن.
ڕوونیشیکردووەتەوە، "هەر چەندە لە شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان پێشوازییەکەی باش هەیە، بەڵام لە شاری کفری وشوێنەکانی دیکە بەداخەوە پڕۆسەکە زۆر سستەو هاونیشتیمانیان نایەن بەلایدا".
سیروان محەمەد دەڵێت، ڤاکسسینی ئەسترازینکا کێبرکێیەکی جیهانی و داوای زۆری لەسەرە وەک جۆرەکانی دیکە، زۆربەی وڵاتان بڕی پێویستیان پێنەگەیشتووە چونکە ئێستا هەر بە پارەیە "دڵنیام ماوەیەکی دیکە سەرەو قەرەباڵەغی و کێشەش بۆ وەرگرتنی ئەم ڤاکسینە دروست دەبێت کە کەمبوەیەوە".
"بەڵام ئەو کات خۆ کارگەکانی لای خۆمان نین، دەبێت چاوەڕێی ئەمریکا بکەین مادە خاوەکانی بداتە وڵاتانی بەرهەمهێن و ئەوانیش لە چوارچێوەی بەرنامەی کۆڤاکس بە فرۆشتن بینێرن بۆ عێراق یان هەرێمی کورستان و دوای ئەوە بگاتە هەولێری پایتەخت و لەوێشەوە بۆ سلێمانی ئینجا بەو ڕیگا خراپەدا بگاتە شاری کەلار".
سیروان محەمەد باسى لەوەشکردووە، ڤاکسین، دەرمانی ئەو دەردەیە کە جیهان هیلاک بوو بە دەست بەڵای کۆرۆناوە، خەمساردی هاونیشتیمانیان واتە بێباک بوون بەرامبەر مەرگ و تەندروستی.