ناس کورد-
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم ڕەتی دەکاتەوە هیچ بڕیارێک هەبێت بۆ بەردەوامی لێبڕینی موچە یاخود دیاریکردنی ڕێژەی لێبڕین لە موچەی مانگی داهاتووی فەرمانبەرانی هەرێم.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرچاوەکە لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (5ی نیسانی 2021) ڕایگەیاند، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە لەسەر بەردەوامی لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە مانگی داهاتوو "دوورە لە ڕاستییەوە"، تاوەکو ئێستا وەکو وەزارەتی دارایی هیچ قسەیەکیان لەوبارەیەوە نەکردووە.
وتیشی، "کات ماوە بۆ قسەکردن لەسەر ئەو پرسە، بۆ ئەوەش چاوەڕوانی وردەکاری ڕێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەکەین و دواتر قسە لەسەر پرسی لابردنی لێبڕین دەکەین".
سەبارەت بەوەی دەوترێت بۆ مانگی داهاتوو لێبڕینی مووچە دەکرێتە 15% وتی، "ئەو لێدوانە پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە نییە و ئێمە ئاگادار نین، چونکە هیچ قسەیەک لەسەر موچەی مانگی داهاتو نەکراوە بە چ جۆرێکە".
لەدواى پەسەندکردنى بودجەى عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە، پرسی لێبڕینى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم هاتووەتە ئارا، بەتایبەت کە پێشتر لێبڕینى موچە بەسترابووەوە بە پەسەندکردنى بودجەوە.
پێشتر پەروین نوری، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان (1ی نیسانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "لە یەکەم مانگی ناردنی پشکی هەرێم ئاسان نییە پاشەکەوتی موچە نەمێنێت چونکە هەرێمی کوردستان دەبێت داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەو 50% داهاتی ناوخۆ ڕادەست بکات، بەوەش ئاسان نییە لە یەکەم مانگەوە لێبڕینی مووچە لاببرێت".
وتیشى، "ئەو ژمارانەی دەوترێت کە گوایە هەرێمی کوردستان ڕەوانەی دەکات دروست نییە چونکە هەرێم پابەندکراوە بە ناردنی داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەپێی نرخی سۆمۆ کە ئەویش گۆڕانکاری تێدا دەبێت".
پەروین نورى ڕوونیکردەوە نرخی نەوت لە ڕێژەیەکی دیاریکراو نییە تا بزانرێت داهاتەکە چەندە کە هەرێم ڕادەستی دەکات جگە لەوەش ئەو داهاتەی حکومەتی بەغدا ڕەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات، نازانرێت مانگانە چەندە.