ناس كورد_
سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق و سەركردە لەهاوپەیمانێتی سوننەكان، سەلیم جبوری، داوا دەكات لە سەرۆك كۆماری عێراق بودجەی 2021 پەسەند نەكات و بیگێڕێتەوە بۆ پەرلەمان چونكە مافی مامۆستایانی وانەبێژی پەروەردەی تێدا نییە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جبوری لەنوسراوێكی فەرمیدا بەسیفەتی سەرۆكی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران كە (5 نیسانی 2021) بڵاویكردووەتەوە و وێنەی نێردراوە بۆ "ناس كورد" داوای كردووە لەسەرۆك كۆماری عێراق، د. بەرهەم ساڵح، بودجەی 2021 پەسەند نەكات و بیگێڕێتەوە بۆ پەرلەمان بۆ هەمواركردنی بڕگەكانی مادەی 12 كە مافی مامۆستایانی وانەبێژ لە خۆدەگرێت لەگەڵ جێگیركردنیان.
سەلیم جبوری دەڵێت "یاسای بودجە دەقی پێویستی تێدا نییە بۆ گێڕانەوەی مافی وانەبێژان".
پاش زنجیرەیەك خۆپیشاندان و ناڕەزایی لەبەردەم پەروەردەی پارێزگاكان وەزیری پەروەردەی عێراق واژۆی لەسەر بەگرێبەست كردنی مامۆستایانی وانەبێژ و دامەزراندنی ئەوانەیان كرد كە پێنج ساڵ ڕاژەیان هەیە بەپێی یاسای بودجە و نوسراوەكەی بەرزكردەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.
بەیاننامەیەكی وەزارەتی پەروەردەی عێراق كە وێنەی دراوەتە "ناس"، (5 نیسانی 2021) دەڵێت "وەزیری پەروەردە واژۆی لەسەر نوسراوێكی فەرمی كردووە بۆ بەگرێبەست كردنی مامۆستایانی وانەبێژ و جێبەجێكردنی بڕیاری 315 بەسەریاندا بۆ جێگیركردنی ئەوانەی ڕاژەی پێنج ساڵ و بەرەو سەریان هەیە بەپێی یاسای بودجە".
بەیاننامەكە ئەوەشی وتووە "نوسراوەكە بەفەرمی بەرزكراوەتەوە بۆ ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران و سبەی پەسەند دەكرێت".
هەروەها باس لەوەشكراوە وەزیری پەروەردە چاوی بەنوێنەری وانەبێژان كەوتووە، گفتی ئەوەشی پێداون داوای مافەكانیان بكات لە ئەنجومەنی وەزیران.