گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی لەوبارەیەوە

تائێستا هیچ کەس لە هەرێم بەهۆی وەرگرتنی ڤاکسینەوە تەندروستیی تێکچووە؟

2021.04.04 - 10:39
App store icon Play store icon Play store icon
تائێستا هیچ کەس لە هەرێم بەهۆی وەرگرتنی ڤاکسینەوە تەندروستیی تێکچووە؟

ناس کورد-

ئەگەرچی تائێستا 48 هەزار و 800 ژەم ڤاکسین گەیەنراوەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام وەزارەتی تەندروستی ترسی هەیە بەشێک لە ڤاکسینەکان ماوەیان بەسەر بچێت و هاووڵاتیان ئامادەنەبن لە خۆیانی بدەن، بۆیە بانگەواز بۆ هاووڵاتیان دەکەن کە ناو بنوسن بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەماوەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان پشکی خۆی لە ڤاکسینی ئەسترازینکا لە عێراق وەرگرت کە زیاتر لە 43 هەزار و 800 ژەم ڤاکسین بوو، هەروەها حکومەتی چین-یش بری پێنج هەزار ژەم ڤاکسینی سینوفارمی بە دیاری بۆ هەرێم نارد، کە سەرجەمیان دەکاتە زیاتر لە 48 هەزار و 800 ژەم و بەشی 24 هەزار کەس دەکات.

 

بەوتەی د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بۆ "ناس کورد" پێدانی ڤاکسین بە کارمەندانی تەندروستی و هاووڵاتیان لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم بەردەوامە و ژمارەیەکی زۆر ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکەیان پێدراوە.

 

"ترس هەیە ماوەی ڤاکسینەکە کۆتایی بێت و تەواو نەبن"

 

د. ڕەهێڵ فەرەیدون، بریکاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان (4ی نیسانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "هاووڵاتیان ترسیان هەیە لە بەکارهێنانی ڤاکسین، ئەوەش بەهۆی مردنی چەند کەسێک لەدوای وەرگرتنی ڤاکسین لە چەند وڵاتێک، بەڵام تائێستا هیچ شتێک پشتڕاستنەکراوەتەوە کە بەهۆی ڤاکسینەکەوە بوبێت."

 

ڕوونیشیکردەوە، " ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەوەی ڕاگەیاندووە کە هۆکاری مردنی ئەو کەسانە بەهۆی کاریگەریی زۆری ڤایرۆسەکەوە بووە کە خوێنیان خەست بووەتەوە و توشی جەڵتە بوون."

 

وتیشی، "تائێستا لە هەرێمی کوردستان هیچ کەسێک توشی حاڵەت و کاریگەریی نەرێنی نەبووەتەوە بەهۆی وەرگرتنی ڤاکسینەوە، بۆیە داوادەکەین هاووڵاتیان ناویان تۆماربکەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسین."

 

بریکاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو بڕە ڤاکسینەی کە هاتووە تاوەکو 30ی 4 دەتوانرێت بەکاربهێنرێت، بۆیە ترسی ئەوەمان هەیە وادەکەی تەواو بێت و سەرجەمیان بە هاووڵاتیان نەدرێن، چونکە هێشتا هاووڵاتیان دەترسن لە وەرگرتنی ڤاکسینەکە."

 

د. ڕەهێڵ فەرەیدون باسی لەوەشکرد، "هەر کەسێک کە ناو دەنوسێت بۆ وەرگرتنی ڤاکسین دەبێت فۆڕمەکەی بچێتەوە بەغدا، بۆیە ئەو ڕێکارانە ماوەیەکی دەوێت، هەربۆیە ئێمە وەک چۆن داوا دەکەین هاووڵاتیان خۆیان بپارێزن، ئاوهاش داوا دەکەین ناوی خۆیان تۆماربکەن بۆ وەرگرتنت ڤاکسین، چونکە ڕێگایەکی سەرەکییە بۆ سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنا."

 

"هەوڵەکان بۆ کڕینی ڤاکسین"

 

لەدوای زیادبوونی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا (شەممە 3ی نیسانی 2021) د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی داوای لە حکومەتی هەرێم و عێراق کرد، بەپەلە هەوڵی دابینکردنی ڤاکسین بدەن بۆ هاووڵاتیان.

 

بریکاری وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، "ئێمە ماوەی سێ مانگە لە هەوڵداین بۆ کڕینی سێ جۆر ڤاکسین، دوای چەندین هەوڵ لەم ڕۆژەدا لایەنی بەرهەمهێنەری ڤاکسینی فایزەر پێیان ڕاگەیاندین کە جگە لە حکومەتی عێراق مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێم ناکەن."

 

باسی لەوەشکرد، "لەگەڵ ئەسترازینکاش کە لە ڕوسیا و هندستان و کۆریای باشور بەرهەمدەهێنرێت، ئەوەی ڕووسیا هێشتا بە فەرمی لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دانی پێدانەنراوە، بۆیە پرۆسەکە دواکەوت."

 

ڕوونیشیکردەوە، "هەروەها لەگەڵ چینیش لە پەیوەندیداین بۆ دابینکردنی ڤاکسینی سینۆفارم کە بۆ نەبوونی مەترسی باشترین ڤاکسینە، چونکە لەسەر شێوازی تەقلیدی دروستکراوە."

 

"بەمنزیکانە ڤاکسینی دیکە دەگات"

 

هەر لەبارەی دابینکردنی ڤاکسین، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەکرد، "بڕیارە بەمنزیکانە بڕێکی دیکەی ڤاکسین بگاتە عێراق کە دەوترێت ملیۆنێکە، ئەگەر وابێت بڕی 84 هەزار دانەی پشکی هەرێمی کوردستانە."

 

جەختیشیکردەوە، "تائێستا لە هەرێمی کوردستان هیچ کەس بەهۆی وەرگرتنی ڤاکسین توشی حاڵەتی نەرێنی نەبووە و داواکارین هاووڵاتیان بێ ترس ناویان بۆ وەرگتنی ڤاکسین بنوسن."