ناس کورد-
عەمار حەکیم داوا دەکات ماددە دەستورییەکانى بۆ ڕێکخستنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان عێراق و هەرێم چالاک بکرێن وەک چارەسەرێکى یەکسان بۆ دۆسییەى "نەوت و ناوچە کێشەلەسەرەکان".
.
عەمار حەکیم سەرۆکى هاوپەیمانى (ئیسڵاح و ئەعمار) لەکاتى وتارى هەینیدا ڕایگەیاند: "بۆ ڕێکخستنەوەى پەیوەندییەکانى نیوان حکومەتى عێراق و هەرێم، پێویستە ماددە دەستورییەکان چالاک بکرێنەوە، بەتایبەت بۆ چارەسەرێکى یەکسان بۆ دۆسییەکانى نەوت و ناوچە کێشە لەسەرەکان".
.
لە بەشێکى ترى وتەکانیدا عەمار حەکیم ئاماژەى بەوەشکردووە، پێویستە پەلەبکرێت لە تێپەڕاندنى یاساى هەڵبژاردنى پارێزگاکان، دەشڵێت: "گرنگە ڕێککەوتنێکى سیاسی لەنێوان سەرجەم هێزە سیاسییەکان و عەشایەریەکان واژوو بکرێت بۆ ئەوەى تەنها دەوڵەت چەکى لەدەستدا بێت و ئەو لایەنانە نەبنە جێگرەوەى یاسا و حکومەت".
.
ئەو وتانەى عەمار حەکیم لە کاتێکدایە پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و کابینەکەى عادل عەبدولمەهدى بە باش وەسف دەکرێت و لە وتارى هەفتانەى خۆیدا سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، هەرێم نەوتى ڕادەستى بەغداد نەکردووە و بەردەوام دەبن لە ناردنى مووچەى فەرمانبەران.
.
.