ناس کورد-
وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لەدوای ناردنی بەشەبودجەی هەرێم لە بەغداوە و بە پشتبەستن بە داهاتی ناوخۆ بە ئەگەرێکی زۆر لێبڕینی موچە لادەبرێت و دەشڵێت، هەرێم پارەی چوار مانگی ڕابردووی لای بەغدایە و پێویستە ئەو بڕەش بۆ هەرێم بنێرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا (شەممە 3ی ئازاری 2021) ڕایگەیاند، "بە گەشبینییەوە چاوەڕێین یاسای بودجە لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراقەوە واژۆ بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە پێدەچێت لەم هەفتەیەدا بێت."
وتیشتی، دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە پشکی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و حکومەتی هەرێمیش ئامادەیە سەرجەم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
سەبارەت بە پشکی چوار مانگی ڕابردوو، سەمیر هەورامی ئاماژەی بەوەکرد، "ئەوە دەبێت وردبینی تێدا بکرێت و حکومەتی هەرێم ئامادەیە ئەو پابەندیانەی چوار مانگی ڕابردوو جێبەجێبکات و بەغداش پێویستە پشکی ئەو چوار مانگە چەندی دەمینێت بۆ هەریمی بنێرێت، ئەوکات حکومەتی هەرێم دەبێت بزانێت بەشی چەند موچە دەکات دابەشی بکات، یاخود بۆ گێڕانەوەی لێبڕینی موچەی ئەمساڵ."
لەبارەی کۆتاییهاتن بە لێبڕینی موچە، وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران باسی لەوەکرد، "ئەگەر بە گەشبینییەوە قسە بکەم، ئەوا لەدوای ناردنی بەشەبودجەی هەرێم لە بەغداوە و کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ کۆتایی بە لێبڕینی موچە دێت."