ناس کورد-
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە چەند سەرکردەیەکی سیاسیی عێراقی و بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵییەوە کرد، ئەوەش دوای پەسەندکردنی بودجە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ هەینی (2ی نیسانی 2021) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامدا، لەوانە عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی، هادی عامری، سەرۆکی ئیئتیلافی فەتح، خەمیس خەنجەر ئەمینداری گشتیی (المشروع العربي)، ئەحمەد جبوری، ئەمینداری گشتی پارتی الجماهیر کرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، "لەو پەیوەندییانەدا سەرۆکی حکومەت، سوپاسی پشتگیریی ئەو سەرکردە سیاسییانەی کرد لە تێپەڕاندنی یاسای بودجەی فیدراڵی و هیوای خواست تێپەڕاندنی ئەم یاسایە، ببێتە هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای دەستور."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان "پێشتریش پەیوەندی بە هەر یەک لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ موستەفا کازمی و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کرد و سوپاسی کردن بۆ پشتیوانییان لە تێپەڕاندنی یاسای بودجە و بڕگەکانی تایبەت بە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی."