ناس کورد-
پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، بەوردی چاودێری کارەکانی حکومەت دەکەن بۆ کەمکردنەوەی ئاسەواری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار، دەستبەرداریی ئەو پرسە نابن و ئامادەن لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی بکەن و متمانەی لێوەربگرنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەدنان فەیحان پەرلەمانتاری هاوپەیمانى فەتحی حەشدی شەعبی کە ژمارەیان (53 پەرلەمانتارە لە پەرلەمانی عێراق) لە مێزگردێکی ئەلیکترۆنی لە کڵەپ هاوس کە "ناس کورد" ئامادەی بوو ڕایگەیاند، لەدوای تێپەڕاندنی بودجەی گشتی عێراق، هاوپەیمانییەکەیان بەردەوام دەبێت لەپێداگریکردن بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار چونکە ئەو نرخە پەیوەندی بە بودجەوە نییە.
وتیشی "پلانمان هەیە لە قۆناغی داهاتوو لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی بکەین و ئامادەین لەپۆستەکەی دوری بخەینەوە لەسەر ئەو بابەتە. لە ئیستاشدا تا گەیشتنە ئەو قۆناغە بەتوندی چاودێری ئەو چارەسەرانە دەکەین کە حکومەت بۆ کەمکردنەوەی ئاسەواری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەیگرێتەبەر".
پەرلەمانتارەکەى فەتح ڕاشیگەیاند، ئەوان ڕاستە چونەتە ژورەوە بۆ دەنگدان لەسەر بودجە، بەڵام دەنگیان بە بڕگەیەک نەداوە کە پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی نۆخی دۆلارەوە هەبێت و لە بنەڕەتیشدا شتێک نەبووە بە ناوی نرخی دۆلار، ئەوەی هەبووە بۆ ئاگادارکردنەوە پەرلەمانە کە نەوت بەو نرخە دەفرۆشرێت و نرخی دۆلاریش بەرانبەر دینار بەوجۆرە دەبێت ئەگەر نا دەنگدانی لەسەر نەکراوە.
جەختی لەوەشکردەوە، لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتی بینا کە 53 پەرلەمانتارن و ژمارەیان هاوتایە لەگەڵ هاوپەیمانی سائیرون، کێشەی نرخی دۆلار کێشەی ئەوانە و لە قۆناغەکانی داهاتووشدا دەسبەرداری نابین.
پەرلەمانى عێراق رۆژى چوارشەممە پڕۆژەى بودجەى پەسەندکرد و نرخى دۆلار بە 1450 دینار جێگیرکرا.
ماجدە تەمیمى، ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق (پێنجشەممە 1ى نیسانى 2021) لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوەدا، نرخى دۆلار بەرامبەر دینارى عێراقى جێگیر دەبێت، بەجۆرێک نرخى هەر 100 دۆلارێک لەنێوان 147 بۆ 148 هەزار دینار دەبێت و ناگاتە 150 هەزار.