گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قازانج و زیان

نرخى بودجە یان سۆمۆ..داهاتى 250 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێم بەچى نرخێک دیاریدەکرێت؟

2021.04.01 - 18:30
App store icon Play store icon Play store icon
نرخى بودجە یان سۆمۆ..داهاتى 250 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێم بەچى نرخێک دیاریدەکرێت؟

ناس کورد-

 

لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئاشکرایکرد، هەژمارکردنى داهاتى ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتەى دەبێت هەرێم رادەستى بەغداى بکات، بە نرخى فرۆشى نەوتى سۆمۆ دیاریدەکرێت نەک ئەو نرخەى لە بودجەدا جێگیرکراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەپرۆژەى بودجەدا کە رۆژى چوارشەممە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکرا، نرخى بەرمیلێک نەوت بە 45 دۆلار دیاریکراوە، هەرێمیش پابەندکراوە بەوەى داهاتى 250 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە رادەستى بەغدا بکات لەگەڵ نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان، لەبەرانبەر وەرگرتنى پشکەکەیدا کە بە نزیکەى 12 ترلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت.

 

ئەو نرخەى لە پڕۆژەکەدا جێگیرکراوە کەمترە لەو نرخەى ئێستا کۆمپانیاى سۆمۆ نەوتى پێدەفرۆشێت. بەپێی دوایین راگەیەنراوى کۆمپانیاکە کە دەست "ناس کورد" کەوتووە لەمانگى شوباتدا بە زیاتر لە 60 دۆلار لەلایەن سۆمۆوە نەوت فرۆشراوە.

 

شیروان میرزا ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ پێنج شەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، هەژمارکردنى داهاتى 250 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێم بەپێی نرخى فرۆشى نەوتى سۆمۆ دەبێت، نەک بەپێی ئەو نرخەى لە بودجەدا دیاریکراوە، چونکە ئەو نرخە تەنها بۆ مەبەستى هەژمارکردنى داهاتە.

 

کۆى بەرهەمى نەوتى هەرێم لە بودجەى عێراقدا بە 460 هەزار بەرمیل نەوت دیاریکراوە، دواى لێدەرکردنى داهاتى 250 هەزار بەرمیل نەوت، داهاتى 180 هەزار بەرمیلى بۆ دەمێنێتەوە. بەڵام بەهۆى ئەوەى هەرێم بە 10 دۆلار نەوت کەمتر دەفرۆشێت پێویستە نەوتێکى زیاتر بفرۆشێت بۆ ئەوەى داهاتى 250 هەزار بەرمیل پڕبکاتەوە.

 

لەئەگەرى مانەوەى نرخى نەوتدا لەدەوربەرى 60 دۆلاردا، هەرێم بەگشتى مانگانە پێویستە 450 ملیۆن دۆلارى مانگانە رادەستى بەغدا بکات، بەڵام لەبەرئەوەى بە 10 دۆلار کەمتر دەیفرۆشێت پێویستە 300 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات تا پارەکەى بەغدا پڕ بکاتەوە، لەبەرانبەر ئەوەى تەواوى پشکەکەى بۆ رەوانە بکرێت.

 

شیروان میرزا وتى "هەرێم ئەگەر نەوتى رادەستبکردایە لەجیاتى داهات باشتر بوو قازانجى زیاترى دەکرد، بەڵام ئێستاش شتێک قازانج دەکات، هەرچەندە ناگاتەوە بەو بڕە پارەیەى ساڵى 2019 بۆ هەرێم رەوانە دەکرا".

 

ساڵى 2019 حکومەتى عێراق مانگانە 454 ملیار دینارى رەوانەى هەرێم دەکرد، بۆ دابینکردنى موچەى فەرمانبەران، بەبێ ئەوەى هەرێم هیچ بڕە نەوتێک یان داهاتەکەى رادەستى بەغدا بکات.