گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى نوێ لەسەر دۆخى سزادراوانى بادینان لە زیندان ئاشکراکرا

2021.04.01 - 14:21
App store icon Play store icon Play store icon
زانیارى نوێ لەسەر دۆخى سزادراوانى بادینان لە زیندان ئاشکراکرا

ناس کورد-

 

لیژنەى کاروبارى کۆمەڵایەتى لە پەرلەمانى کوردستان سەردانى سزادراوانى بادینانى کرد و رایگەیاند، سزادراوەکان تۆمەتەکانى سەریان رەتکردووەتەوە و هیوایان هەیە دادگاى تەمیز سزاکەیان هەڵبوەشێنێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

رۆمیۆ حوزەیران سەرۆکى لیژنەکە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، سزادراوەکان پێیان وتوون بەو سزایە رازى نین کە دادگا بۆى دەرکردوون،ئەو تۆمەتانەشیان رەتکردەوە کە دراوەتە پاڵیان.

 

وتیشى "ئومێدێکى زۆرمان هەیە کە بڕیارەکەى دادگاى تەمیز لەبەرژەوەندى سزادراون بێت، چاوەڕوانین دادگا بڕیارى خۆى بدات لەو بارەیەوە".

 

دادگاى تاوانەکانى دووى هەولێر 16 ى شوباتى 2021 بڕیاریدا هەریەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم بە شەش ساڵ زیندانى سزا بدرێن، بەتۆمەتى سیخوڕى و مەترسی بۆ سەر ئاسایشى هەرێم.  

 

 گوڵستان سەعید جێگرى سەرۆکى لیژنەى کاروبارى کۆمەڵایەتى ئاماژەى بەوەکرد، سزادراوەکان هەندێکیان 15 رۆژ، هەندێکى دیکەیان هەفتە و سێ رۆژ مانیان گرتووە، بۆ ئەوەى سزاکانیان هەڵبوەشێتەوە.

 

ڕۆژى 25ى شوباتى 2021، تیمى پارێزەرانى پێنج سزادراوەکەى بادینان لە دادگاى پێداچوونەوە تانەیاندا لە بڕیارەکەى دادگاى هەولێر بۆ سزادانی ئەو کەسانە بەشەش ساڵ زیندانى بەتۆمەتى "سیخوڕى و مەترسی" بۆ سەر ئاسایشى هەرێم، بەڵام هێشتا بڕیارەکە پێداچونەوە بۆ نەکراوە.  

 

بەدریە ئیسماعیل بڕیاردەرى لیژنەى کاروبارى کۆمەڵایەتى وتى سزادراوەکان کەسوکاریان نەیان بینیون و هیچ پارێزەرێکیشیان نەبینوە، ئەوەش پێشێلکردنى مافى مرۆڤە، فشارى زۆریشیان لەسەرە. لەزیندانى چاکسازیی بۆ هەر ژوێک کە 50 مەترە 135 کەسى تێدایە، لەکاتێکدا دەبوو 30-35 کەسى تێدا بێت.

 

دۆسیەى سزادانى ئەو پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانەى بادینان کاردانەوەى زۆرى دروستکردووە، بەتایبەت کە هەشت رۆژ دواى تانەدان لە بڕیارەکە ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم ڤیدیۆیەکى بەناوى "دانپێدانانى" ئەو کەسانە بڵاکردەوە.  

  

بڵاوکردنەوەى ڤیدیۆکە کاردانەوەکانى زیاتر کرد، سێ ئەندامى ئەنجومەنەکە لە پشکى یەکێتى لە راگەیەنراوێکدا جەختیانکردەوە، به‌ هیچ جۆرێك ئاگاداری ئه‌و راپۆرت و دانپێدانانه‌ نین و سیفه‌تی "فه‌رمیبوون" وه‌رناگرێت.