ناس کورد-
هاوسەرۆکى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان رایگەیاند، دواى هەوڵ و فشارێکى زۆر سەرئەنجام ماندوبوونەکانیان گەیشتووەتە ئەنجام و توانرا پشکى هەرێم لە پڕۆژە یاساى بودجەدا جێگیر بکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لاهور شێخ جەنگى، هاوسەرۆکى یەکێتى لە راگەیەندراوێکدا لەبارەى پەسەندکردنى بودجەى گشتى عێراق ئاماژەى بەوە کرد، پەسەندکردنى بودجە سەرەتایەکی گرنگە بۆ راستكردنهوهی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا، له ناویشیدا دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە بێ لێبڕین و ڕزگارکردنی هاووڵاتییان لە برسێتی و نەهامەتی.
دەقى راگەیەندراوەکە:
دوای هەوڵ و فشارێکی زۆر، سەرئەنجام ماندوبوونەکانمان گەیشتە ئەنجام و توانرا پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ جێگیر بکرێت. ئەم هەنگاوە سەرەتایەکی گرنگە بۆ راستكردنهوهی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا، له ناویشیدا دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە بێ لێبڕین و ڕزگارکردنی هاووڵاتییان لە برسێتی و نەهامەتی، کە ماوەیەکی زۆرە له چاوهڕوانی ئاسۆیهكی گهشدا ماونەتەوە. ئەم دەستکەوتە دیاری و چەپکە گوڵی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە کە پێشکەش بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی دەکات.
لێرەوە دەمەوێت سوپاسی تیمی دانووستانی حکومەتی هەرێم و فراکسیۆنی سەوز و ئەندامانی کورد لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەم بۆ پشوودرێژی و هەوڵە بەردەوامەکانیان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا. ههروهها بە تایبەتی سوپاسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دهكهم کە هاوڕا لهگهڵ ئێمه، بەردەوام جەختیان لەوە كردۆتهوه کە لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای میللەتەکەمان، تاكه چارهسهر ئهوهیه ههردوولا رێكبكهون. سوپاسی هەموو ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی عێراقیش دەکەم کە پشتیوان و هاوکارمان بوون لە جێگیرکردنی پشکی هەرێمی كوردستان. هیوادارین حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، هەردوولا پابەندبن بە ڕێککەوتنی نێوانیان وەک ئەوەی کە لە پڕۆژەیاساکەدا جێگیر کراوە و دەنگی لەسەر دراوە و پارێزهری ماف و بهرژهوهندییهكانی گهلانی كوردستان و عێراقه.