گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە ڤیدیۆ؛ یەکێتى بەفەرمى ڕوونکردنەوە لەسەر ’’حکومەتى مێینە’’ دەدات

2021.03.31 - 14:11
App store icon Play store icon Play store icon

ناس کورد-

فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، قسەکانى پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنەکە کە حکومەتى "بەمێینە" وەسفکردبوو گوزارشت لە سیاسەتى ئەوان ناکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لوقمان وەردى جێگرى سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لەکۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا ئاماژەى بەوەکرد، پەرلەمانتارەکەیان داواى لێبوردنى کردووە لەبارەى ئەو قسانەى کردویەتى.

 

لاى خۆیەوە، سەلمە فاتیح پەرلەمانتارى یەکێتى وتى قسەکانى ئەو پەرلەمانتارە گوزارشت نییە لە فراکسیۆنى یەکێتى، سیاسەتى یەکێتى لەسەرەتاوە تا ئێستا بەو ئاڕاستەیە نەبووە.

 

کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەمانى کوردستان گرژى و مشتومڕى توندى بەخۆوە بینى، بەهۆى قسەى بەشێک لە پەرلەمانتاران لەسەر حکومەت و پرسی لێبڕینى موچە.    

  

مشتومڕەکان کاتێک دەستیانپێکرد کە بەشێک لە پەرلەمانتاران بەتایبەتى پەرلەمانتارانى فراکسیۆنى یەکێتى باسى پرسی لێبڕینى موچەیان کرد و سەرۆکى پەرلەمانیش داواى لێکردن چاوەڕوانى گەیشتنى بودجەى هەرێم بکەن بۆ ئەوەى ئەو پرسە رونبێتەوە.    

  

هاوڕێ مەلا ستار، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکێتى دواى ئەوەى لەبارەى لێبڕینى موچەوە ویستى قسەبکات، سەرۆکى پەرلەمان قسەى پێ بڕی، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە وتى، "گرفتەکان دەیسەلمێنن کە حکومەت مێینەی مۆدێلە کە ناتوانێت داخوازى هاوڵاتییان پڕبکاتەوە".    

  

ئەو قسەیە سەرۆکى پەرلەمانى توڕەکرد و بڕیاریدا قسەکانى ئەو پەرلەمانتارە لە پرۆتۆکۆڵ بسڕدرێتەوە بەهۆی ئەوەى سوکایەتی بە ژن کردووە و ڕایگەیاند، "ژن و پیاو یەکسانن و جیاوازییان نییە"    

 

زانا مەلا خالید سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا لەدواى کۆبوونەوەى پەرلەمان وتى "فراکسیۆنى یەکێتى داواى لێبوردنى کردووە لەو بارەیەوە، ئێمەش پێشوازى لێدەکەین، ئەوە بەپلەى یەکەم ئیحراجکردنى تیمى یەکێتى بوو لە حکومەت".  

  

لەبارەى پێڵاوتێگرتن لەسەرۆکى پەرلەمان لەلایەن کازم فاروق سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ وە، زانا مەلا خالید داوا سزادانى ئەو پەرلەمانتارەی کرد و باسى لەوەشکرد، لەداهاتوودا لەرێگەى پڕۆژە بڕیارێکەوە داواى رێگریکردن دەکەن لەو کارانە.