گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بزانە چەندە

بڕی ئەو پارەیە ئاشكرا كرا کە هەرێم پاش ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا وەریدەگرێت

2021.03.31 - 09:19
App store icon Play store icon Play store icon
بڕی ئەو پارەیە ئاشكرا كرا کە هەرێم پاش ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا وەریدەگرێت

ناس کورد-

ئەندامێكی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق بڕی ئەو داهاتەی كە هەرێم دەستی دەكەوێت لە بەغدا بە شەش ترلیۆن دینار خەمڵاند لە حاڵەتی پابەندبوون بە ڕێككەوتنی نەوتی کە لە ڕەشنوسی پڕۆژەیاسای بودجەدا هاتووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سادق سلیتی لە مێزگردێکدا کە "کڵەب هاوس" كە نوێنەری "ناس كورد" بەشداریی تێدا كردووە لەبارەی بودجەوە (31 ئازاری 2021) جەختیكردەوە، نەوتی هەرێم دەوروبەری 10 دۆلار هەرزانتر دەفرۆشرێت لەچاو نەوتی حكومەتی فیدراڵ، هەروەها تێچوونی گواستنەوەشی 10 هێندەی تێچوونی گواستنەوەی نەوتی باشور گرانترە.


هەروەها وتیشی، "ئەگەر هەرێم بۆ 250 هەزار بەرمیل 55 دۆلار ڕادەست بكات بۆ نمونە، ئەوە دەوروبەری پێنج ترلیۆن دینار وەردەگرێت و لەنیوەی داهاتی گومرگیش یەک بۆ دوو ترلیۆن، دواتر داوای تەواوكردنی ڕێژەی 12% دەكات كە پشكی دیاریكراوی هەرێمە لە بودجە "چونكە ئەگەر وامان دانا بودجەی عێراق 100 ترلیۆن دینارە ئەوە دەبێت هەرێم 12 ترلیۆن ببات".


سلییتی وتیشی، "لە ئێستادا ناتوانین دۆسیەی نەوتی هەرێم وەربگرین بەهۆی گرێبەستی كۆمپانیای بیانی بەڵام بەندێكی پێشمەرجی دانراوە ئەگەر هەرێم بەهای نەوت ڕادەست نەكات ئەوە هیچ شایستەییەك وەرناگرێت لە حكومەتی فیدراڵی".

 

دوای چەندین جار دواخستن بەهۆی ناکۆکی لەسەر بڕگەکانی، بڕیارە کاتژمێر یەکی پاش نیوەرۆی ئەمرۆ چوارشەممە، 31ی ئازاری 2021، پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە بدات.  

  

لە ڕاگەیەنراوێکدا، سەرۆکایەتی پەرلەمان جەختی کردەوە کە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا ناوی ئەو پەرلەمانتارانە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکات کە ئامادەی دانیشتنەکە دەبن و ئەوانەشی ئامادەنەبوون.  

 

لە لایەکی ترەوە، ئەحمەد سەفار، بڕیاردەرى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێراق بە ڕۆژنامەى سەباحى فەرمی ڕاگەیاندووە، کورتهێنان لە بودجەدا گەیشتووەتە 28 تریلیۆن دینار و ئەگەرى ئەوەش هەیە دواى گفتوگۆ لەسەر بودجەى تایبەت بە پترۆدۆلار و پشکى پارێزگاکان و گەشەپێدانى هەرێمەکان ئەوا ڕێژەى کورتهێنانەکە بۆ 30 تریلیۆن دینار زیاتر بکات.

 

جەختى لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، کورتهێنان لەڕێگەى دابینکردنى پارەوە دروست دەبێت لە جیاوازی نرخى نەوت کە بەرمیلى بە 45 دۆلار دانراوە و لەئێستاشدا نرخى بەرملێک نەوت لەبازاڕەکاندا بە 64 دۆلار دەفرۆشرێت.


لەبارەى ناکۆکیەکانى هەرێم و بەغداشەوە، سەفار باسى لەوە کردووە کە ناکۆکییەکان چارەسەر کراون و لەسەر مادەى 11ى پڕۆژە بودجەکە ڕێکەوتوون و لیژنەى دارایش دەنگى بۆ هەموو مادەکانداوە و بەدەنگدان لەسەر بودجەکەش هەموو دەنگە بەرهەڵستکار و پشتیوانەکانى بودجە ڕوون دەبنەوە.