ناس کورد-
لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی بڕیاریدا خوێندنی وانەکان لە ناو کەمپەس بۆ سەرجەم کۆلێجەکانی زانکۆکە لە سبەینێوە تاوەکو 10ی 4 ڕابگرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی (سێشەممە 30ی ئازاری 2021) ڕایگەیاند، "لە پێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستی ھەرێمی کوردستان و خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی و ڕێگرتن لە زیادبوونی ژمارەی توشبووان کە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێم ئاماژەی پێدەدات و پشتبەست بە بەیانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن لە زانکۆکەمان چەند بڕیارێکمان دەرکرد.
دەقی بڕیارەکان:
1 - خوێندنی وانەکان لە ناو کەمپەس بۆ سەرجەم کۆلێجەکانی زانکۆی سلێمانی لە سبەینێ (٣١-٣-٢٠٢١) ڕادەگیرێت تاوەکو ١٠-٤-٢٠٢١، وەلە بەرامبەردا کۆلێجەکان درێژە بە خوێندنەکەیان دەدەن لەو ماوەدا بەشێوازی ئەلکترۆنی یان ئۆنلاین.
2 - تەواوی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی دادەخرێن تا ڕێکەوتی ١٠-٤-٢٠٢١.
3 - ھەر کۆلێجێک ھەردوو رۆژی چوارشەممە یان پێنجشەممە تاقیکردنەوەیەکی پێشتریان ماوە، دەتوانن درێژە بە تاقیکردنەوەکانیان بدەن لە چوارچێوەی پابەندبوونی تەواو بە رێکارە تەندروستیەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
4 - سەبارەت بە خوێندکارانی پرۆسەی خوێندنی (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) خوێندنیان بەردەوام دەبێت وەک پێشتر بەشێوەی ئاوێتە، لەگەڵ جێبەجێکردنی تەواوی رێکارەکانی خۆپارێزی.
5 - ھەموو ئاھەنگ و کۆبوونەوە و وێنەگرتنی دەرچوونی خوێندکاران لەناو کەمپەکانی زانکۆ یان بەسەرپەرشتی کۆلێجەکان رێگەپێدراو نیە.
6 - کافتریا وچێشتخانەکانی زانکۆ بە داخراوی دەمێننەوە.
7 - سەبارەت بە مامۆستایان و فەرمانبەران لە سەرۆکایەتی وکۆلێجەکان و بەرێوەبەرایەتیەکاندا لەپێناو بەڕێکردنی کاروبارەکانی زانکۆدا دەوامی فەرمی درێژەی دەبێت لە رۆژانی (یەکشەممە تا چوارشەممە) بەرەچاوکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی وکەمکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەران لە شوێنی کارەکانیان تاوەکو کەمترین بەریەک کەوتن ھەبێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، " ھەموو ئەم بریارانە تاوەکو ١٠-٤-٢٠٢١ کاریان پێدەکرێت و دواتر بڕیاری نوێیان لەبارەوە دەدرێت."