ناس کورد-
پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ناکۆکی شیعە و سوننە لەلایەک و شیعەکان لەنێو خۆیاندا هۆکاری دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بوو بۆ دەنگدان بە یاسای بودجەی عێراق و تاوەکو لایەنەکانیش ڕێک نەکەون وادەی دانیشتن دیاری ناکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مەیادە نەجاڕ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاى فەرمى پارتى ڕایگەیاند "کێشەکانی لایەنە شیعەکان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان نییە و لەپڕۆژەی بودجەدا 12.67% بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و ئەوەش بەهۆی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و چارەسەری کێشەکانی تر هەرێمی کوردستان بەو ڕێژەیە ڕازی بووە".
وتیشى"کێشەکانی ئێستای بەردەم پەسەندکردنی بودجە بەگشتی لەسەر قەرزەکانە لەنێوان فراکسیۆنە شیعەکان، هەروەها لەسەر دامەزراندن و گرێبەستەکان و نرخی دۆلارە کە گرانی و هەرزانیی نرخی دۆلار لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە".
پەرلەمانتارەکەى پارتى رونیکردەوە، ئەم دواکەوتن و ناڕازیبوونە گشتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە، هەرکەس داوای زیاتر بۆ خۆی دەکات و دوای پەسەندکردن و تێپەڕاندنی بودجە ئەو پارەیەی کە دەگاتە دەستی حزبە شیعەکان هەر بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری دێنن، بۆیە دەیانەوێت لە یەکتر بدەن، شیعە و شیعە و سوننە و شیعە بەمەش بەردەوام تەگەرە دەخەنە بەر پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە و هەرچەندە تا ئێستاش کۆبوونەوەکان بەردەوامن، بەڵام تاوەکو لەنێوان یەکتری ڕێک نەکەون هیچ وادەیەک بۆ دانیشتنی پەرلەمان دیاری ناکرێت".
مانگێک دەبێت پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی عێراق ئامادەیە و لایەنە سیاسییەکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەک کورد و شیعە، شیعە و شیعە و شیعە و سوننە بۆ دەنگدان لەسەری ڕێک نەکەوتبوون، ڕۆژی 28ی ئازاری 2021 دوای کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگ بە پشکی هەرێمی کوردستان درا و لایەنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر بودجەی 2021 ڕێککەوتن، بەڵام دواتر کێشەی نێوان لایەنە شیعەکان و بەشێک لە سوننەکان بووە هۆکاری بەڕێوە نەچوونی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق و دواکەوتنی بۆ کاتێکی نادیار.