گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی لە ناس کوردەوە

تەقە هەڕەمەکییەکەى چەمچەماڵ ’’سیاسی’’ بووە

2021.03.29 - 21:11
App store icon Play store icon Play store icon
تەقە هەڕەمەکییەکەى چەمچەماڵ ’’سیاسی’’ بووە

ناس کورد- هەڤاڵ غالب

تەقە هەڕەمەکییەکەى سنورى چەمەچماڵ کە برینداربوونى چوار کەسى لێکەوتەوە هۆکارەکەى "سیاسی" بووە، ئەوەش بەپێی وتەى بەرپرسانى قەزاکە، لەئێستاشدا تەقەکەرەکە دەستگیرکراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕووداوەکە ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە لە ناحیەی شۆڕش ڕوویدا، کاتێک کەسێک تەقەى لە ماتۆڕ سوارێک کرد و برینداریکرد، لەکاتى هەوڵى دەستگیرکردنیشى تەقەى لە هێزە ئەمنییەکان کرد.

 

سەرچاوەیەکی پۆلیسى چەمچەماڵ بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "تەقەکەرەکە لە نزیک ناوچەی پیشەسازی شۆڕش بەشێوەی هەڕەمەکی تەقەیکردووە و بەهۆیەوە کەسێکی تر کە ماتۆڕ سواربووە برینداربووە".

 

وتیشی، "دواتر هێزەکانی ئاسایش هەوڵی دەستگیرکردنی تەقەکەرەکەیانداوە و هەڵهاتووە، لە نزیک مەیدانی ئاژەڵانی ناحیەی شۆڕش جارێکی تر تەقەی لە ئاسایش کردووە و بەهۆیەوە کارمەندێکی ئاسایش و دوو کەسی تر کەلەو شوێنەبوون برینداربوون".

 

ناس کورد پەیوندی بە سەروەر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕشەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.

 

ڕێژین ساڵح، وتەبێژی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "تەقەکەری ڕووداوەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە".

 

وتەبێژەکەی ئاسایش هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر وردەکاری ڕووداوەکە نەدا.

 

لاى خۆیەوە، ڕەمک ڕەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "تەقەکەرەکە ناوی (م، م، ع) و سەرەتا تەقەی لە هاوڵاتی (س، ش) کردووە و برینداری کردووە، دواتر دوای ئەوەی هێزە ئەمنیەکان هەوڵی دەستگیرکردنیانداوە کارمەندێکی ئاسایش بەناوی (ه، ع) و سێ کەسی تر برینداربوون".

 

قائیمقامی چەمچەماڵ ئاشکرایکرد هۆکاری ڕووداوەکە "سیاسییە" و پەیوەندی بە لایەنێکی سیاسیی کوردییەوە هەیە، بەبێ ئەوەى ڕوونکردنەوەى زیاتر بدات.

چوار بریندارەکە یەکێکیان کارمەندى ئاسایشە و سیانیان بۆ وەرگرتنى چارەسەر رەوانەى نەخۆشخانەى فریاکەوتنى سلێمانى کران.

 

شەریف ڕەحیم، وتەبێژی تەندروستی چەمچەماڵ بۆ "ناس کورد" وتی، "دوای ئەوەی چوار برینداری فیشەک گەیەنرانە نەخۆشخانەی چەمچەماڵ چارەسەری سەرەتاییان بۆ کراوەو سێ لە بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراون بۆ چارەسەری پێویست".

وتیشی، "هیچ کام لە بریندارەکان مەترسی لەسەر ژیانی نییە بەڵکو پێویستییان بە چارەسەری پێویست بووە و بەوهۆیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراون".