سکرتێرى ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیى ئێران لەوەڵامى سەرۆکى ئەمەریکادا لەسەر ڕێککەوتنى ئێران و چین دەڵێت، نیگەرانییەکانى جۆ بایدن بەتەواوەتى ڕاست و دروستە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەوەڵامى پرسیارێکى ڕۆژنامەوانیدا لەبارەى ڕاڕاییەکانى لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەکانى نێوان چین و ئێران کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە (دووشەممە 29ى ئادارى 2021) جۆ بایدن ڕایگەیاند، " دەمێ ساڵە لەسەر ئەو کارە نیگەرانم."
لە وەڵامی بایدندا و لەتوێتێکیدا کە "ناس کورد" بینویەتى، عەلى شەمەخانی، سکرتێرى گشتیى ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیى ئێران (29ى ئادارى 2021) ڕایگەیاندووە، " نیگەرانییەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بەتەواوی ڕاستە، بایدن دنیا تەنها خۆرئاوا نیە و خۆرئاواش بەتەنها ئەمریکاى یاسا شکێن و سێ وڵاتى ئەوروپى بێ بەڵێن نیە."
وتووشیەتى، "گەشانەوەى هاریکاریی ستراتیژى لەخۆرهەڵاتتدا لەناوچوونى ئەمەریکا خێراتردەکات."
ڕۆژى شەممەى ڕابردوو، لەسەردانێکى وەزیرى دەرەوەى چین دا بۆ ئێران، ڕێککەوتنێکی ستراتیژیى بازرگانى و سیاسى و ئابورى و کەلتوورى لەنێوان چین و ئێراندا بۆ ماوەى 25 ساڵى ئایندە واژۆ کرا.
بەپێى ئەو ڕێککەتنە وەبەرهێنانى چین لەو وڵاتەدا دەگاتە 450 ملیار دۆلار و ژێرخان و سەرخانى ئێران دەگرێتەوە لەزۆر بواردا بەتایبەت ڕێگا و بان و وزە و پترۆکیمیایى.