گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەترسی تێپەڕاندووە

کەسوکارى خەندە سکاڵا تۆمارناکەن

2021.03.28 - 17:30
App store icon Play store icon Play store icon
کەسوکارى خەندە سکاڵا تۆمارناکەن

ناس کورد-

 

کەسوکارى خەندە کاکەڕەش ئەو ژنەى حەوت رۆژ بەهۆى لێدانى دەرزییەوە بێهۆش بوو جەختیان کردەوە سکاڵا تۆمارناکەن، بەڵام داوایان لە وەزارەتى تەندروستى کرد لێکۆڵینەوە بکات بۆ ئەوەى حاڵەتى لەو شێوەیە دوبارە نەبێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

خەندە کاکەڕەش 23 ساڵ دانیشتوی قەزای کۆیە، 18ى ئەم مانگە دواى وەرگرتنى چارەسەر لە یاریدەدەرێکى پزیشکى لە کۆیە بێهۆش بوو، دواتر دواى گواستنەوەى بۆ هەولێر و وەرگرتنى چارەسەرى پێویست هۆشى هاتەوە، بەڵام هێشتا لەنەخۆشخانە هێڵراوەتەوە.

 

کەسوکارى خەندە ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا کە "ناس کورد" بینیویەتى ئاماژەیان بەوەکرد، یاریدەردەرە پزیشکییەکە کۆرسێکى تەواوەتى دەرزى (سکتریازۆن)ى پێداوە، لەکاتێکدا ئەو چارەسەرە تەنها پسپۆڕى پزیشکە.

 

ئاماژەیان بەوەشکرد، کاتێک خەندە لەماڵەوە دەرزى یەکەمى وەرگرتووە، تووشى هەستیارى بووە، بۆیە پەیوەندییان بە یاریدەدەرى پزیشکەکەوە کردووە، ئەویش وتویەتى کێشەى نییە، بەڵام لەکاتى دەرزى چوارەمدا لەهۆش خۆى چووە بۆیە بۆ نەخۆشخانەى فریاکەوتنى کۆیە گوازراوەتەوە.

 

دواى گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەکە، بەهۆى خراپى دۆخى تەندروستییەوە خەندە بە ئۆتۆمبێلى فریاگوزاریی بۆ هەولێر گوازرایەوە و تیمێکى پزیشکى پسپۆڕ لە نەخۆشخانەى "ئەربیل ئینتەرناشناڵ" ئەرکى چارەسەرکردنیان گرتە ئەستۆ.

 

"بارودۆخى باشە و لەچاودێرى چڕ دەرچووە، ئێمە سکاڵامان نەنوسیوە، چاوەڕێی بارودۆخى خەندەمان دەکرد، وتمان ئەگەر دۆخى باش بوو سکاڵا تۆمارناکەین، سکاڵامان نییە تەنها داوا لە وەزارەتى تەندروستى دەکەین لیژنەى لێکۆڵینەوە دروستبکات بۆ ئەوەى حاڵەتى لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە"، یەکێک لە کەسە نزیکەکانى خەندە وایوت.

 

خەندە ماوەى چەند رۆژێکە بەهۆش خۆى هاتووەتەوە و بەوتەى پزیشکەکان لەبەشى تایبەت بە چارەسەرى کۆرۆنا دەرکراوە و بارى تەندروستى جێگیرە و خواردن دەخوات و دەتوانێت هاتوچۆ بکات، بەڵام هێشتا لە نەخۆشخانە هێڵراوەتەوە.

 

یەکێک لەئەندامى تیمى پزیشکى چارەسەرى خەندە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا وتى "خەندە لەبەشى چاودێرى چڕ و هەناسەدانى دەستکرد دەرکراوە و تەندروستى باشە".

 

وتیشى "لیژنەى لێکۆڵینەوە دەتوانێت بەدواداچوون بۆ ئەو حاڵەتە بکات، ئەو دەرزییەى چوار جار لەخەندە دراوە باشتروایە لە نەخۆشخانە بەکاربێت نەک لە ماڵەوە".

 

باسى لەوەشکرد، خەندە کە براوەتە نەخۆشخانەکە "لە بارودۆخێکى زۆر زۆر نەخوازراودا بووە، بەهۆى هەستیارى بە جۆرێک دەرزى تووشى ئەو حاڵەتە بووە و بوژانەوەى دڵى بۆ کراوە".