ناس کورد-
پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ڕێککەوتن لەسەر ماددە ناکۆکەکانى پڕۆژەى بودجە کراوە و بڕیار و ئاڕاستەیەکى سیاسی هەیە بۆ ئەوەى ئەمڕۆ پڕۆژەکە تێپەڕێنرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شابال حەسەن ئەمڕۆ یەکشەممە لەلێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنى فەرمى عێراقییە کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە وتى "هیچ کێشەیەک نییە تا ئێستا و رێکەوتووین لەسەر تێپەڕاندنى پڕۆژەکە لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆدا".
وتیشى "فراکسیۆنە کوردییەکان هیچ کێشەیەکیان نییە لەسەر بەندەکانى پڕۆژەکە، ئاڕاستە و بڕیارێکى سیاسی هەیە بۆ تێپەڕاندنى بودجە لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆدا".
پەرلەمانتارەکەى پارتى دەڵێت، چەند ماددەیەکى کەم ماوە کە کوتلەکانى دیکە کێشەى بچوکیان لەسەرى هەیە، بەڵام کێشەکان چارەسەر دەکرێن و بودجە تێدەپەڕێنرێت.
دەشڵێت، ئەوان ئامادەن بۆبەشداریکردن لە کۆبوونەوەى پەرلەمان و دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساى بودجە.
بڕیارە کاتژمێر 7:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر بودجەی 2021ێ عێراق ئەنجامبدرێت.
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی عێراق، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (یەکشەممە 28ی ئازاری 2021) سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و شاندی باڵای دانوستانکاری هەرێم و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە کۆبوونەوە.
هاوکات بەگوێرەی ڕۆژنامەی "سەباح" ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، " شاندی باڵای هەرێم و کوتلە پەرلەمانییەکان لەسەر ماددەی 11 لە بودجەی 2021ی عێراق کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن."
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێش دەستپێکردنی دانیشتنی پەرلەمان، لیژنەی دارایی کۆبوونەوەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە مشتومڕەکانی چەند مادەیەک ئەنجامدەدات.