ناس کورد-
سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و شاندی هەرێم و سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆبوونەوە و بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراقیش ڕایگەیاند، مادەی 11ی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی لەسەر کرا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی عێراق، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (یەکشەممە 28ی ئازاری 2021) سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و شاندی باڵای دانوستانکاری هەرێم و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە کۆبوونەوە.
هاوکات بەگوێرەی ڕۆژنامەی "سەباح" ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، " شاندی باڵای هەرێم و کوتلە پەرلەمانییەکان لەسەر ماددەی 11 لە بودجەی 2021ی عێراق کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن."
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێش دەستپێکردنی دانیشتنی پەرلەمان، لیژنەی دارایی کۆبوونەوەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە مشتومڕەکانی چەند مادەیەک ئەنجامدەدات.
بڕیارە کاتژمێر 7:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر بودجەی 2021ێ عێراق ئەنجامبدرێت.