گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نرخی دۆلار دەگاتە چەند

پێشبینییەک بۆ نرخی دینار دەکرێت لەدوای پەسەندکردنی بودجە

2021.03.28 - 15:20
App store icon Play store icon Play store icon
پێشبینییەک بۆ نرخی دینار  دەکرێت لەدوای پەسەندکردنی بودجە

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

ئابوریناسێکی دیاری عێراق دەڵێت، بانکی ناوەندیی عێراق بۆ جێگیرکردنی ئەو نرخەی کە دایناوە بۆ دینار بەرامبەر بە دۆلار بڕیاریداوە دۆلار زۆر بەکەمی بخاتە بازارەوە و هەرگیز نرخی دینار ناگەڕێتەوە ئاستی پێشووی، دەشڵێت، لە ئێستادا نزیکەی 30 ملیار دۆلار لە ناوخۆی عێراق ڕۆژانەی مامەڵەی پێوە دەکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ساڵح هاشمی، ئابوریناسی دیاری عێراقی (یەکشەممە 28ی ئازاری 2021) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ یەکشەممە بانکی ناوەندیی عێراق تەنها 13 ملیۆن دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە، ئەوە لە کاتێکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە نزیکە 80 ملیۆن دۆلاری خستبووە بازاڕەوە، ئەو ڕێکارەکەش تا ماوەیەک درێژەی دەبێت".

 

وتیشی، "بانکی ناوەندیی عێراق دەیەوێت ئەو نرخەی کە دایناوە بۆ دینار بەرامبەر بەدۆلار کە 1450 دینارە بۆ هەر دۆلارێک جێگیربکات و جیاوازی لە نرخی فرۆشتنی ئەو دراوە نەمێنێت لە نێوان کۆمپانیاکانی فرۆشتنی دراوەکان و بانکی ناوەندی بە تایبەتی کە ئێستا نرخی فرۆشتنی دۆلار لە دەرەوی بانکی ناوەندی کەمترە لەو نرخەی کە بانکی ناوەندی پێی دەفرۆشێت".

 

هاشمی ڕوونیکردەوە، "دواکەوتنی دەنگدان لەسەر بودجە، ئاڵۆزیی دۆخی سیاسیی عێراق، لێدوانی پەرلەمانتاران لەبارەی گەڕانەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار بۆدۆخی جارانی و بوونی نزیکەی 30 ملیار دۆلاری نەختینەیی لە بازارەکانی عێراق، هەموو ئەمانە وایکردووە نرخی دۆلار جێگیرنەبێت و کەمتر لەو نرخەی کە بۆی دانراوە  مامەڵەی پێوە بکرێت کە لە هەمانکاتدا بانکی ناوەندی پێی دەفرۆشێت".

 

بەوتەی ئەو ئابوریناسە عێراقییە، " ئەو ڕێکارەی کە بانکی ناوەندی لە ئێستادا پەیڕەوی دەکات لە کەمکردنەوەی ڕێژەی فرۆشتنی دۆلار بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی بە تەواوەتی نرخی دۆلار جێگیردەبێت و نرخی فرۆشتنی لەبانکی ناوەندی کەمتردەبێت لەنرخی بازار، هەندێ لایەن و کۆمپانیاکانی ئاڵۆگۆرکردنی دۆلار کێبرکێی لەگەڵ بانکی ناوەندیدا دەکەن لەو بارەیەوە".

 

ئەوەشی خستەڕوو، "دوای تێپەڕاندنی بودجە پێشبینی دەکرێت نرخی دۆلار جێگیربێت بەجۆرێک لەماوەی داهاتوودا لەنێوان 1460 بۆ 1470 لە بازارەکاندا مامەڵەی پێوە بکرێت".

 

هاشمی ئەوەشی وت، "نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار بەهیچ شێوەیەک  ناگەڕێتەوە نرخی پێشووی، چونکە ئەوە ڕێککەوتنی بانکی نێودەوڵەتی و سەندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی لەسەرکراوە و هاوکات حکومەتی عێراقیش بودجە و بەرنامە ئابورییەکەی لەسەر ئەو بنەمایە داڕشتووە".