ناس کورد-
گۆڤارێکى بەریتانی ڕایدەگەیەنێت، کازمى بەپێچەوانەى سیاسییە شیعەکانى پێش خۆیەوە ملى نەداوە بۆ گروپە چەکدارەکانى سەر بە ئێران و کۆمەڵێک ڕێوشوێنى گرتووەتەبەر، ئەوەش واى کردووە ئەو گروپانە هەست بە مەترسى بۆسەر خۆیان بکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەڕاپۆرتێکدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ( 28ى ئادارى 2021) گۆڤارى ئیکۆنۆمیست ڕایگەیاندووە، "ئێران بە بەردەوامى لایەنە سیاسییە شیعەکانى لەعێراقدا بۆ فراوانکردنى هەژمونەکانى خۆى لەو وڵاتەدا بەکار دەهێنێت، بەڵام مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى ئێستاى عێراق بەپێچەوانەى ئەوانەى پێش خۆیەوە، لەحزبێک نیە نزیک بێت لەئێرانەوە."
ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، کازمی لەوکاتەوەى متمانەى پێدراوە بۆ ئەو پۆستە سزاکانى ئەمەریکاى سەپاندووە و ڕێگرى کردووە لەگەڕانەوەى ملیارەها دۆلار بۆ ئێران کە لەڕێگەى هەناردە کردنەوە بۆ عێراق و کارى ترەوە بەدەستى هێناوە.
گۆڤارەکە ئەوەشى ئاشکرا کردووە، لەسەر ئەو کارەش عەلى شەمەخانی، سەرۆکى ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەىی ئێران بەرپرسانى عێراقى لە تاران بانگهێشتکردووە و سەرزەنشتى کردوون کە ڕێگرى دەکەن لەگەڕانەوەى پارەکانیان.
لەڕاپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، مستەفا کازمى گروپە میلیشیاکانى سەر بەئێرانى لەڕێگەى کۆنترۆڵکردنەوەى هەندێ لە خاڵە سنورییەکان و دوورخستنەوەى ئەندامەکانیان لەو خاڵە سنوریانە وەڕس و بێزار کردووە.
ئیكۆنۆمیست ئەوەشى درکاندووە، لەسەر داواکارى کازمى ناتۆ 3 هەزار و 500 سەربازى ڕەوانەى عێراق کردووە و لاى خۆشییەوە ماریا ڤانتابى لە ناوەندى دیالۆگى مرۆیى ژنێف ڕایگەیاندووە، ئەو گروپە میلیشیانەى کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتى دەکرێن هەست بەوە دەکەن هەڕەشەیان لەسەرە بەهۆى هەندێ کارنامەى کازمییەوە.