ناس کورد-
چەند سەرچاوەیەک لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و شاندی حكومەتی هەرێم لە بەغدا ئەوەیان بۆ ناس کورد پشتڕاستكردەوە تا ئێستاش دەقی ڕێككەوتنی هەولێر و لایەنە عێراقییەكانی ناو پەرلەمان هەر وەك خۆیەتی كە ڕادەستكردنی 460 بەرمیل نەوتە لەگەڵ لێدەركردنی خەرجی و تێچوون و پاڵاوتنی ناوخۆیی و پترۆدۆلار.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی بەدواداچوونی ناس کورد لە دەقی ئەو ڕێككەوتنەی كە لەبری دەقەكەی حكومەتی كازمی گەڵاڵەكراوە ئەوە هاتووە" نابێت ئەوەی هەرێم ڕادەستی دەكات لە 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە كەمتر بێت، لەلای خۆشییەوە شاندی حكومەتی هەرێم ئامادەیی دەربڕیوە 250 هەزارەكە بە نەوتی خاو بێت یان بەهاكەی.
هاوکات ئەحمەدی حاجی ڕەشید لە لیژنەی دارایی لە مێزگردێكی تایبەتی گروپی "پەنجەرە" لە کڵەب هاوس كە "ناس كورد" ئامادەی بوو ڕایگەیاند ئەگەر هەرێم بەهای نەوت ڕادەست بكات لەڕووی یاساییەوە دانپێدانان بۆ دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لە یاسای بودجەدا بەدەست دەهێنێت، بەڵام لەڕووی داراییەوە زیان دەكات چونكە بەهای فرۆشتنی نرخی نەوتی هەرێم كەمترە لەهی سۆمۆ (11 دۆلار بەپێی راپۆرتی دیلۆیت) و پێویستە ئەو جیاوازییە زۆرە پڕ بكاتەوە، ئەمەش وەها دەكات هەرێم هیچی وەهای بۆ نەمێنێتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی سالی 2021 بدات، بەڵام پێش ئەوە چەندین کۆبوونەوە لەنێوان فراکسیۆنەکان دەکرێت بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەى ئەو بڕگانەى هێشتا ناکۆکییان لەسەرە کە گرنگترینیان نرخی دۆلارە، بڕگەی تایبەت بە پشکی هەرێمیش تاڕادەیەک ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.
لە ناو پەرلەماندا چەندین دەنگ بەرزبوونەتەوە بۆ گەڕانەوەى نرخی دۆلار بەرامبەر دینار لە پڕۆژەیاساکەدا، بە شێوەیەکی گشتی، فراکسیۆنەکانی سائیرونی موقتەدا سەدر و ڕەوتی حیکمە و کورد لەگەڵ ئەوەدان بودجە تێپەڕێنرێت، بەڵام هاوپەیمانی فەتح بوون بە دوو بەشەوە و هەندێکیان لەگەڵیدان و هەندێکیان دژن. ئەو لایەنانەى لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەدا نین لەگەڵ تێپەڕاندنی بودجەش نین چونکە پڕۆژەیاساکە بودجەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تێدایە.
دوێنێ لیژنەی دارایی چەندین کۆبوونەوەى لەگەڵ وەزیرانی نەوت، دارایی، پلاندانان، کارەبا، بازرگانی، ئاوەدانکردنەوە، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و سەرۆکى ئەنجومەنی ڕاژە لە حکومەتی عێراق ئەنجامدا بۆئەوەى ئەو بڕگانەى هێشتا کێشەیان لەسەرە یەکلایی بکەنەوە.
بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکى پەرلەمانی عێراق کە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکەى کرد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ئاشکرای کرد، "تاوتوێی نرخی دۆلار و دەرهاوێشتە و دەرئەنجامەکانی کرا بە تایبەت بەرزبوونەوەى نرخی شتومەک، هەروەها چەندین چارەسەر و شێوازی قەرەبوو خرانەڕوو."
بەشیر حەداد باسی لەوەشکرد کە "کۆبوونەوەیەک لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەکرێت و لیژنەیەکی هاوبەشی پەرلەمان و حکومەت پێکدەهێنرێت بۆ چۆنیەتی پارێزگاریکردن لە نرخ بەبێ ئەوەى کاریگەری بکاتە سەر دۆخی بازاڕ."
باسی لەوەشکرد کە "ئەمڕۆ پێش دانیشتنەکە بۆ دەنگدان لەسەر بودجە سەرۆکایەتی پەرلەمان چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ فراکسیۆنەکان دەکات."
بەشیر حەداد ئاشکراشی کرد کە شاندی هەرێم ڕازی بووە بەو دەقەی کە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە لەبارەى پشکی هەرێم و دەڵێت، "لیژنەی دارایی پەرلەمان ئەو ڕێککەوتنەی جێگیرکردووە و بووەتە بڕگەیەکی جێگیرکراو لە پڕۆژەیاسای بودجەدا."
هاوکات سەرۆكی فراكسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عێراق حەسەن شاكر كەعبی بە كەناڵی فەرمی ڕاگەیاند، دانیشتنەكانی هەفتەی ڕابردوو "قەیرانی هەرێمی كوردستانی لە بودجە چارەسەر كردووە و گەشتوینەتە لێكگەیشتن".
كەعبی لە دیدارێكدا لە كەناڵی فەرمی عێراق كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆكردووە (28 ئازاری 2021) جەختیكردەوە "دانیشتنەكانی هەفتەی ڕابردوو قەیرانی هەرێمی كوردستانی چارەسەر كردووە لە بودجە و گەیشتوینەتە لێكگەیشتن".