ناس کورد-
هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی لایەنە شیعییەکان ئەو گۆرانکاریانەیان خستەڕوو کە لە ڕێککەوتنەکەی پێشوودا لەگەڵ وەفدی هەرێم کردویانە، ئاماژەی بەوەشکردووە، دوورنییە هەرێم و بەغدا لەسەر ئەوە ڕێکبکەون کە هیچ کامیان پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هۆشیار عەبدوڵا، لە ڕاگەیەنراوێکدا (شەممە 27ی ئازاری 2021) ڕایگەیاند، "لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمرۆی لیژنەی دارییدا کوتلە شیعیەکان ئەو گۆرانکاریانەیان خستەڕوو کە لە ڕێککەوتنەکەی پێشوودا لەگەڵ وەفدی هەرێم کردویانە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " کوتلە شیعییەکان چەند گۆڕانکارییەکیان لە دەقی ڕێککەوتنی پێشویاندا لەگەڵ شاندی هەرێمدا کردووە، دیارتریینیان ئەوەیە کە رێگەی مەقاصەیان بڕیوە و باسی ئەوەیان لابردووە ئەگەر حکومەتی هەرێم پابەند نەبوو ئەوا بە یاسای ئیدارەی دارایی ریژەی زیان لە هەرێم دەبردرێ، ئەوەش بۆ ئەوەیە ئەگەر هەرێم پابەند نەبوو ئەوا بەغداش هیچ برە پارەیەک نەنێرێ."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "وا بڕیارە ئەو دەقە نوێیە جارێکی تر بدرێتەوە شاندی هەرێم بۆ زانینی ڕەزامەندیان یاخود ڕەتکردنەوەی."
باسی لەوەشکردووە، "ئێمە ڕێککەوتنە کۆنەکە و ئەم دەقە نوێیەش وەک چارەسەری کێشەکانیی هەرێم نابینین، پێمان وایە هیچیان چارەسەری گرفتەکان ناکەن، فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە رێگەی سۆمۆوە ئەو چارەسەرەیە کە هەردولایان بە ڕێککەوتنی حزبی و لە پێناو سەفقاتی ژێر بەژێری هەڵبژاردن خۆیانی لێ ئەدزنەوە ."
هۆشیار عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشکردووە، "دور نیە رێککەوتنەکە بە ئاقارێکدا بروا کە هەردوولا لەسەر ئەوە رێکبکەون هیچ لایەکیان پابەند نەبێت و ئامانجیان ببێتە خەڵەتاندنی شەقامە نارازیەکەی کوردستان و ناوەراست و خواروی عێراق بە چەند دەقێکی عاجز و بێ ناوەرۆک."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هێزە گەندەڵەکانی هەولێر و بەغدا، دوو ڕوی دراوێکن، ئەو نەوە سیاسیەی ئێستا بکەری سەرەکی سیاسەتە لە هەرێم هیچ شتێکی باشی بۆ ئێستا و ئایندە لێ چاوەروان ناکرێ، چاوتان لەسەر نەوەیەکی نوێی سیاسیی جیاواز بێ بۆ ئایندە."