گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کرێکار لە هەردوو ڕەگەز

فراکسیۆنی کۆمەڵ هۆشداری لە ’’بابەتێکی مەترسیدار’’ دەدات

2021.03.27 - 14:34
App store icon Play store icon Play store icon
فراکسیۆنی کۆمەڵ هۆشداری لە ’’بابەتێکی مەترسیدار’’ دەدات

ناس کورد-

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان هۆشداری دەدات لە هێنانی کرێکاری بیانی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە و دەڵێت، "ئەو کرێکارە بیانیانە جێگە بە دەستی کاری خۆماڵی لێژ دەکەن".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەبدولستار مەجید لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست "ناس کورد" کەوتووە (27ی ئازاری 2021) هۆشداری دەدات لە "بابەتێکی مەترسیدار" و ڕایگەیاندووە، "بەپێی هەندێک زانیاریی کە لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بەدەستم گەیشتووە، بە فڕۆکە کرێکار (لە هەردوو ڕەگەز) لە سوریاوە دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان بۆ کارکردن، ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕێژەی بێکاریی و زۆری گەنجی بێکار و دەستی کاری ناوخۆ بەردەوام لە زیادبووندایە و هێنانی ئەو خەڵکەش بۆ کارکردن لە دەرەوەی هەرێمەوە، هێندەی دیکە ئاستی هەژاری و بێکاری زیاتر دەکات."


ڕاشیگەیاندووە، "مەترسی ئەم بابەتە لەوەدایە کە ئەو کرێکارە بیانیانە بە پارەیەکی کەمی مانگانە کار دەکەن و خاوەنکاری ناوخۆش هاندەدرێن کە کرێکاری خۆماڵی ناچار بکرێن یان بە پارەیەکی زۆر کەم کار بکەن یان کارەکانیان لەدەستدەدەن!"

 

بەڵام عەبدولستار مەجید باسی لە ژمارە و کاتی هێنان و وردەکاری زیاتری ئەو کرێکارانەى نەکردووە.

 

ئەوەشی وتووە، "دیدگای فراکسیۆنی کۆمەڵ بۆ وەرزی نوێی یاسادانان لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەیە کە لە ڕێگەی حکومەتەوە کۆمپانیا بیانییەکان ناچار بکرێن کە سەدا هەشتای دەست و هێزی کاریان، پێویستە لەناوخۆی هەرێمی کوردستان بێت."


سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشکردووە، "بەم حاڵەوە کە هەندێ کۆمپانیا و ژمارەیەک بازرگان و خاوەنکار دەیکەن، ئەو کرێکارە بیانیانە جێگە بە دەستی کاری خۆماڵی لێژ دەکەن کە ئەوەش ئێجگار مەترسیدارە بەتایبەت بۆ ئێستا کە بەهۆی گەندەڵییەکی زۆر و بێ ڕەزای حکومەتەوە، چەندین ساڵە کەس دانەمەزێندراوە یان بە دزیەوە بۆ خەڵکی نزیک لە خۆیان دامەزراندن دەکەن و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگەکان و گەنجانیش یان دەبێت بەبێ کاری بمێننەوە یان ڕێگەی کۆچی هات و نەهات بۆ هەندەران بگرنە بەر!"