ناس کورد-
سایلۆی سلێمانی ئاشکرای دەکات، ڕۆژی دووشەممە چەکی پارەی ئەو جوتیارانە دابەش دەکرێت کە لە 30ی حوزەیرانی 2020 گەنمیان ڕادەستی سایلۆی سلێمانی کردووە، ئەوانەشی کۆچی دواییان کردووە وەکالەت بۆ یەکێک لە وارسەکانیان بکەنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سایلۆی سلێمانی لە ئاگادارییەکدا کە وێنەیەکی دەست "ناس کورد" کەوتووە (27ی ئازاری 2021) ڕایگەیاندووە، ئەو جوتیارانەی کە ڕۆژی 30ی حوزەیرانی 2020 گەنمیان ڕادەستی سایلۆی سلێمانی کردوە ڕۆژی دووشەممە (29ی ئازاری 2021) ژمارە کارتی 958 سەردانی هۆبەی ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی چەکی پارەکانیان.
دەشڵێت، بەهۆی سەرقاڵی بانکەکان بە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران "داواکارین ڕۆژی یەکشەممە (28ی ئازاری 2021) سەردانمان نەکەن بۆ وەرگرتنی چەک چونکە چەک دابەش ناکرێ."
ڕاشیگەیاندووە، ئەو جوتیارانەی لە ساڵەکانی 2014/2015/2016 گەنمیان ڕادەستی سایلۆکان کردوە وەکالەتیان بۆ کراوەتەوە وەکالەتەکانیان تازە بکەنەوە بۆ ساڵی 2021، "ئەو کەسانەی کە کۆچی دواییان کردوە لەڕێگەی دادگاکانەوە قەصام قانونی دەربێنن و وەکالەت بۆ یەکێک لە وارسەکانیان بکەنەوە بەمەبەستی وەرگرتنی چەکی پارەی ئەو شایستە داراییانەی کە بۆیان دیاریکراوە."
پێشتر نەوزاد کامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو، "لە ڕۆژی یەکشەممە بانکەکانی هەرێم دەست دەکەن بە دابەشکردنی پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵەکانی 2014، 2015 و 2016 کە بڕەکەی 268 ملیارو 800 ملیۆن دینارە."