ناس کورد-
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەبۆنەی ڕووداوی پێکدادانی دوو شەمەندەفەرەکەی میسڕ پەیامێکی ئاڕاستەی سەرۆک و گەلی ئەو وڵاتە کرد و ڕاشیگەیاند، وەک ھاوسۆزی دواخستنی لوتکەی سێ قۆڵی ڕادەگەیەنن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مستەفا کازمی لە تویتێکدا (هەینی 26ی ئازاری 2021) ڕایگەیاند، " سەرەخۆشی لە گەل و سەرۆك کۆماری میسری عەرەبی دەکەین لە کارەساتی پێکدادانی دوو شەمەندەفەر لە سوھاج."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " بەناوی خۆمان و گەلی عێراقەوە درود بۆ گیانی قوربانییەکان دەنێرین و چارەسەری پەلەش بۆ برینداران دەخوازین، بەم بۆنەیەشەوە و وەک ھاوسۆزی دواخستنی لوتکەی سێ قۆڵی ڕادەگەیەنین."
ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیار بوو سبەی شەممە 27ی ئازار، لە بەغدا، دیداری لوتكەی عێڕاق و میسر و ئوردن بە بەشداری سەرۆكی میسر و پادشای ئوردن و سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڕێوەبچێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی ئازاری 2021، لە ناوچەی تەهتای سەربە پارێزگای سوهاگ لە وڵاتی میسڕ دوو شەمندەفەر پێکیاندادا و زیانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی تەندروستیی میسڕ بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، بەهۆی ڕووداوەکەوە 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 100 کەسیش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، 36 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیان ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کردووە بۆ گواستنەوە تەرمەکان و بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە.
هاوکات وەزیری گواستنەوەی ئەو وڵاتە، فەرمانیکردووە بە دەستبەسەرکرانی شۆفێران شەمەندەفەرەکان و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕوودانی ڕووداوەکە.