گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەو گروپەى لەبەغدا هێزەکانى بڵاوکردەوە لەبارەى هەرێمەوە هۆشداریدەدات

2021.03.25 - 13:33
App store icon Play store icon Play store icon
ئەو گروپەى لەبەغدا هێزەکانى بڵاوکردەوە لەبارەى هەرێمەوە هۆشداریدەدات

ناس کورد-

 

ئەو گروپە چەکدارییەى ئەمڕۆ لەبەغدا هێزەکانى بڵاوکردەوە، داوادەکات بەبێ گرەنتى هیچ بەشە بودجەیەک ڕەوانەى هەرێمى کوردستان نەکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

گروپى چەکداریی ڕەبعوڵڵا لەبەیاننامەیەکدا کە لەکاتى نمایشیکردنى هێزەکانى لەبەغدا بڵاویکردەوە و "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە چەند داواکارییەکى خستووەتەڕوو، لەوانە دابەزاندنى نرخى دۆلار و بەدیهێنانى خواستى پارێزگاکانى باشور لە بودجەدا.

 

هەروەها جەختیکردووەتەوە کە نابێت بەبێ گرەنتى هیچ بەشە بودجەیەک ڕەوانەى هەرێم بکرێت.

 

مانۆڕە سەربازییەکەى ئەو گروپە چەکدارییە کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە و موقتەدا سەدر سەرۆکى رەوتى سەدر بەیاننامەیەکى توندى لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە.

 

موقتەدا سەدر لە تویتێکدا (25 ئازاری 2021) كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە نووسیویەتی: یەكێك لە میلیشیاكان پەنای بردووە بۆ نمایشی چەكداری وبڵاوەكردن لە شەقامەكانی بەغدا بۆ هەندێك داوكارای لەچەشنی دابەزاندنی نرخی دۆلار و منیش دەڵێم: پەنابردن بۆ چەك بۆ داواكاریی ڕەتكراوەیە و دەبێت حكومەت جارێكیتر ڕێگەی پێنەدا. 

  

سەدر پرسیاری ئەوەشی كردووە كە ئەگەر ئەو گروپە سەر بەحەشدی شەعبین دەبێت سزا بدرێن، ئەگەرنا دەبێت دەستەی حەشدی شەعبی خۆی بێبەری بكات لێیان.   

 

لەبارەی نرخی دۆلاریشەوە ڕێبەری ڕەوتی سەدر باسی لەوەكردووە بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار زیان و قازانجیشی هەیە، "بۆیە ئێمە داومانەتە دەست شارەزایانی ئابووری"، هەروەها داواش دەكات حكومەت ڕێگە لەبەرزكردنەوەی نرخی شمەك بگرێت و سزای سەرپێچیكاران بدات.   

 

لەكۆتاییشدا هۆشداری دەدات لە شكاندنی شكۆی دەوڵەت و جەخت دەكاتەوە ئەو نمایشە بە تەنسیق نەكراوە.  

 

گروپى ڕەبعوڵڵا

بەپێی زانیارییەكانی "ناس كورد"، ڕەبعوڵڵا جیاواز لەو گروپە نوێیانەی نزیك لە ئێران كە تەنها بەیاننامەیان هەیە، چەندین گەنج و ئەندامیان بە كردەیی هەیە كە لە سوتاندنی بارەگای كەناڵی UTVی سەرمەدی كوڕی خەمیس خەنجەر و هەڵكوتانە سەر نوسینگەی بەغدای MBC عێراق و بارەگاى پارتى لەبەغدا بەشدارییان كردووە، لە زیارەتی چلەی ئیمام حوسێنیشدا بەشێوەیەكی فراوان لە شەقامەكانی كەربەلادا بڵاوەیان كردبوو.  


پێشتر میدیا ئەمەریكییەكان لەوانەش ئەلحوڕە لە (9 تشرینی یەكەمی 2020) لەزاری زیاتر لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویان كردەوە كە "ڕەبعەڵڵا" سەر بە "بزوتنەوەی عەسایب" ن  كە قەیس خەزعەلی سەرۆكایەتی دەكات و پێشتر لە سەدر جیا بووەتەوە، لەئێستاشدا جگە لە هێزی چەكداریی لەناو حەشدی شەعبی 15 كورسی لەناو پەرلەمانی عێراق هەیە.  


بەپێی توێژینەوەیەكی گۆڤاری ئایندەناسی كە سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی دەری دەكات (ژمارە 3)، گروپی "ڕەبعەڵڵا" دەچێتەوە سەر مۆدێلی نوێی گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران كە پێشەنگیان بریتییە لە "عصبة الثائرين"، "أصحاب الكهف" و "قبضة المهدي"، سەرجەم ئەمانەش بە نوێترین مۆدێلی حەشدی وەلائی لەقەڵەم دەدرێن، كە سەرچاوە هەواڵگرییەكانی ئەمەریكا بە لقی میلیشیا و گروپە چەكدارە ناسراوەكانی ئێرانیان دەزانێت كە لە ترسی تۆڵەلێكردنەوەی ڕاستەوخۆیان پەنایان بۆ خۆحەشاردان لەژێر ناوی نوێدا بردووە.  

  

هەروەها ئەم مۆدێلە كاركردنە لە گەڕانەوە دەچێت بۆ تەكنیكی ساڵانی بەر لە كشانەوەی سوپای ئەمەریكا و دەركەوتنی داعش كە بە "تیمەكانی مەرگ" دەناسران.  


هەندێ سەرچاوەش لە زاری كادیرانی حزبوڵڵای عێراقەوە ئەوەیان پشت ڕاست كردووەتەوە كە ئەم "گرووپە نەناسراوانە" لەلایەن ئەوانەوە بە ئاگاداریی بزوتنەوەی عەسایب و نوجەبا و گروپە دژەئەمەریكاییەكانی تر دامەزراون، شاردنەوەشی بۆ دوركەوتنەوەیە لە پەرچەكرداری حكومەت.  


پەیوەستنەبوونی ئەم گروپانەش بە هیچ گروپێكی ناسراوەوە، تێپەڕاندنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و تێپەڕاندنی چوارچێوەی فەڕمیی حەشدی شەعبییە كە لە ڕووی تێورییەوە بەپێی یاسای (40)ی ساڵی 2016 دەبێت سەر بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بێت.  

  

رۆژنامەی ئەخباری لوبنانی سەر بە حیزبوڵڵای لوبنان لە راپۆرتێكدا  (29 ئەیلولی 2020) بڵاویكردەوە ئەو گروپانەی هێرشەكانی ناو بەغدا ئەنجام دەدەن و ناوی نوێ بۆ خۆیان ڕادەگەیەنن رووكار و درێژكراوەی ئەو گرووپە چەكدارە ناسراوانەن كە لەلایەكیترەوە بەیاننامەی رەتكردنەوەی بەشداری لەو هێرشانە دەردەكەن.