ناس کورد-
وتەبێژى قوباد تاڵەبانى رایگەیاند، ئەو لایەنانەى گۆڕانکارییان لە رێککەوتنە پەسەندکراوەکەى هەرێم و بەغدا کردووە ئامادەییان دەربڕیوە رێککەوتنەکە بگەڕێننەوە بۆ دەقە پەسەندکراوەکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەمیر هەورامى لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ میدیاى یەکێتى کە "ناس کورد" بینیویەتى وتى "لەکاتى چاپکردنى ئەو رێککەوتنەى لە لیژنەى دارایی پەسەندکرا، هەندێ وشە دەستکاریکراون، پێمان وتوون و تەقریبەن ئامادەییان نیشانداوە بیگەڕێننەوە بۆ ئەو دەقەى ڕێککەوتنى لەسەر کراوە".
رونیشیکردەوە "ئەو دەقە لەکۆبوونەوەیەکى چوار پێنج کاتژمێرى شاندى هەرێم و لایەنە شیعییەکان بە ئامادەبوونى حەسەن کەعبى جێگرى سەرۆکى پەرلەمان و دواتریش سەرۆکى پەرلەمان ڕێککەوتنى لەسەر کراوە".
سەمیر هەورامى جەختیکردەوە، چاوەڕوانن رۆژى شەممە دەنگ لەسەر ئەو دەقە بدرێت و لۆبییەکیش بۆ ئەو مەبەستە دروستکراوە.
باسى لەوەشکرد، ئەگەرى زۆرە رۆژى دەنگدان یان رۆژێک پێش دەنگدان بگەڕێنەوە بەغدا بۆ گفتوکردن لەگەڵ کوتلە سیاسییەکان تا ئەو دەقە تێپەڕێت کە ڕێککەوتنى لەسەر کراوە.
بڕیاربوو شەوى هەینى پڕۆژەى بودجە لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام تێپەڕاندنى دواخرا بۆ رۆژى شەممە، دواتر ئەو وادەیەش دواخرا و چاوەڕوادەکرێت شەممەى داهاتوو بخرێتە دەنگدانەوە.
پێش دواخستنى دانیشتنەکە، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ڕێککەوتنى نێوان شاندى هەرێم و لایەنە شیعییەکانى پەسەندکرد، کە تایبەتە بە رادەستکردنى 460 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان. بەڵام دواى دواخستنى دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە "رێککەوتنەکە دەستکاریکرا".
پێشتر شیروان میرزا ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئاشکرایکردبوو، حەسەن کەعبى، جێگرى سەرۆکى پەرلەمان و فالح سارى، سەرۆکى فراکسیۆنی حیکمە دەستکاریی ڕێککەوتنى هەرێم و بەغدایان کردووە.