گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

 بە 500 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت 

عێراق داوای پارە بلۆککراوەکانی لە فەڕەنسا دەکاتەوە 

2021.03.24 - 17:55
App store icon Play store icon Play store icon
عێراق داوای پارە بلۆککراوەکانی لە فەڕەنسا دەکاتەوە 

ناس کورد-

وەزیری دادی عێراق، داوای لەحکومەتی فەرەنسا کرد "دەست لەسەر پارە بلۆککراوەکانی وڵاتەکەی لەو وڵاتە هەڵبگیرێت".

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق (24ی ئازاری 2021) لەهەواڵێکدا کە"ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە بڵاوى کردەوە "سالار عەبدولستار محەمەد، وەزیری دادی عێراق داوای لەدەسەڵاتدارانی فەرەنسا کردوە دەست لەسەر پارە بلۆککراوەکانی عێراق هەڵبگیرێت".

 

ئاماژە بەوەش کراوە "وەزیری دادی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ برونۆ ئۆبەر، باڵیۆزی فەڕەنسا لەعێراق و لوک سپیبرۆک کونسوڵی فەڕەنسا و شاندی یاوەریان، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوولا و ڕێگاکانی پتەوکردن و گەشەپێدانیان تاوتوێ کردوە".

 

ئەوەش خراوەتە ڕوو "وەزیری دادی عێراق، دووپاتی کردووەتەوە کەعێراق لە هەوڵی ئەوەدایە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن یان هاوکاری لەبواری یاسایی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لەنێوان هەردوو وەزارەتی دادی عێراق و فەرەنسا لە داهاتوویەکی نزیکدا واژوو بکات".

 

باسلەوەشکراوە "وەزیری داد لەگەڵ لایەنی فەرەنسیدا گفتوگۆی کردووە لەبارەی ئازادکردنی ئەو پارە و سامانە بلۆککراوانەی کەسەر بەحکومەتی عێراقن کەلە ئێستادا حکومەتی فەرەنسا دەستی بەسەردا گرتووە". 

 

وەزیری داد، داواشی کردووە "ئەو پارانە پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئازاد بکرێن".

 

ئەوە لەکاتێکدایە کە پێشتر ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاندبوو "کە قەبارەی پارە بلۆککراوەکانی عێراق لەبانکەکانی دەرەوەی وڵات بەوردی نازانرێت‌ و ئەوەی هەیە تەنیا مەزەندەیە، بەڵام باس لەبونی زیاتر لە 500 ملیار دۆلار دەکرێت".

 

سەفار، ڕونیکردۆتەوە حکومەت لە ئێستادا لە هەوڵی بەدەستهێنانەوەی ئەو پارانەیە بەتایبەت کە لەم دۆخەدا باشترین ڕێگایە بۆ دەستکەوتنی پارەو تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەحاڵەتێکدا زانیاری لەسەر شوێنی ئەو پارانە دەستکەوت، جا لەژێر هەر ناوێکدا تۆمارکرابون‌ و لەهەر بانکێک هەڵگیرابون، ئەوە حکومەتی عێراق دەتوانێت بۆ بەدەستهێنانەوەیان پەنا بباتەبەر یارمەتی نێودەوڵەتی.

 

بەگوێرەى زانیارییەکان بەشێکی زۆری ئەو پارانە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق کە لە بانکەکانی  جیهاندا دانراون و بەشێکی دیکەشی ئەو پارانەیە کە لەدوای ساڵی 2003 دا بە قاچاغ براونەتە دەرەوە.