گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

پەرلەمانى عێراق ئەو بڕە نەوتە ئاشکرا دەکات کە هەرێم دەیەوێت ڕادەستى بەغداى بکات

2021.03.24 - 14:59
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانى عێراق ئەو بڕە نەوتە ئاشکرا دەکات کە هەرێم دەیەوێت ڕادەستى بەغداى بکات

ناس کورد-

سەرۆکى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێڕاق ڕایدەگەیەنێت، لەسەر ئەوە ڕێکەوتوون هەرێم ڕۆژانە 430 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستى سۆمۆ بکات لەگەڵ گەڕانەوەى سەرجەم تێچووەکانى پڕۆسەى دەرهێنان و پاڵاوتن و خەرجى کۆمپانیاکان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە مێزگردێکى ئەلیکترۆنى لە کڵەب هاوس کە "ناس کورد" تیایدا ئامادەبوو، هەیسەم جبورى  ڕایگەیاند، بەپێى داتاکانى وەزارەتى نەوت هەرێمى کوردستان ڕۆژانە 480 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێێنیت و لەو ژمارەیەش 430 هەزار بەرمیلى بۆ هەناردەکردنە و بڕەکەى ترى لە ناوخۆدا دەپاڵێورێت و بەکاردەهێنرێت.

 

وتیشى، لەڕێگەى کۆمپانیاى سۆمۆوە لەوە دڵنیابووینەتەوە هەرێم ڕۆژانە 430 هەزار بەرمیل هەناردە دەکات بەڵام ئەو ژمارەیە خەرجى دەرهێنان و بەرهەمهێنان و هەناردەکردنى هەیە و هەموو ئەوانەش تێچووى هەیە.

 

جبورى دەشڵێت، بەداخەوە لەلایەن ژمارەیەک لەپەرلەمانتارە شیعەکانەوە جۆرێک لە موزایەدە دروستبووە کە داواى ڕادەستکردنى تەواوى نەوتەکە دەکەن بێ ڕەچاوکردنى خەرجی و تێچوونەکەى.

 

سەرۆکى لیژنەى دارایى ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، لەگەڵ هەرێمدا کەوتوونەتە ناکۆکى لەسەر ئەوەى چۆن ئەو خەرجیانە هەژمار بکەن، ئەوانیش متمانەیان بەوە نییە هەرێم بڵێت تێچووەکەى هێندەیە و کاتێکیش بە سۆمۆیان وتووە تێچووەکەیان بۆ دیارى بکەن، کۆمپانیای سۆمۆ وتوویانە ئاگادارى دەرهێنان و تێچوو و گرێبەستەکان نین بۆیە ناتوانن بڕى تێچووەکەشى دیارى بکەن.

 

جبورى ئەوەشى ئاشکرا کرد، بەهۆى ئەوەى نە متمانەیان بەو زانیارییانەى هەرێم هەیە و نەخۆشیان زانیارییان لەسەر پڕۆسەکە هەیە بۆیە لەسەر ئەوە ڕێکەوتوون کە دیوانى چاودێرى دارایى بچێتە هەرێم و ووردبینى بکات لەتێچووى بەرهەمهێنان، لەناو بودجەش بڕگەى زۆر توندیان داناوە لەبارەى نرخى تێچووى بەرهەمهێنان و هەناردە و لەسەر ئەوەش ڕێکەوتوون کە مانگانە ووردبینى لەو پرسەدا بکەن.

 

سەرۆکى لیژنەى دارایى باسى لەوەش کرد، لەسەر ئەوەش ڕێکەوتوون کە ڕۆژانە ئەو 430 بەرمیلە ڕادەستى سۆمۆ بکرێت لەگەڵ گەڕانەوەى سەرجەم تێچووەکان.

 

بڕیاربوو شەوى هەینى پڕۆژەى بودجە لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام تێپەڕاندنى دواخرا بۆ رۆژى شەممە، دواتر ئەو وادەیەش دواخرا.

 

پێش دواخستنى دانیشتنەکە، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ڕێککەوتنى نێوان شاندى هەرێم و لایەنە شیعییەکانى پەسەندکرد، کە تایبەتە بە رادەستکردنى 460 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان.

 

سەمیر هەورامى وتەبێژى قوباد تاڵەبانى دوێنێ سێشەممە، 23 ئازارى 2021، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەى "سەباح"ى فەرمى عێراق کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوەکردووە، ئەو دەقە نوێیەى کە لە چوارچێوەى پڕۆژەى بودجەدا لەسەرى ڕێککەوتوون دوو پێشنیاز لەخۆ دەگرێت.

 

وتیشى، "هەرێم ئامادەیە یەکێک لەو دوو پێشنیازە جێبەجێ بکات کە رێککەوتنى لەسەر کراوە".

 

سەمیر هەورامى ئاماژەى بەوەشکردووە، شاندى هەرێم لەچەند رۆژى داهاتوودا دەگەڕێتەوە بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستانەکان و جێبەجێکردنى ئەوەى ڕێککەوتنى لەسەرکراوە، رێککەوتنەکەى لەگەڵ حکومەتى عێراق کە خراوەتە ناو پڕۆژەکەوە یان ئەو ڕێککەوتنەى لەگەڵ بەشێک لە کوتلە سیاسییەکان کراوە لەبارەى پشکى هەرێم.

 

جەختیشیکردەوە، حکومەتى هەرێم رەزامەندى خۆى نیشانداوە لەسەر جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى پەیوەست بە پشکى هەرێم لە بودجە.