گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەرێم قەرزدارە یاخود بەغدا؟

لیژنەی دارایی دوو خاڵى ناکۆکى نێوان هەرێم و بەغدا ئاشکرا دەکات

2021.03.24 - 09:40
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەی دارایی دوو خاڵى ناکۆکى نێوان هەرێم و بەغدا ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

ئەندامێکى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێراق دوو هۆکار بۆ نەگەیشتنە ڕێککەوتنى هەرێم و بەغدا ئاشکرا دەکات و دەشڵێت، شاندى هەرێم کە هاتوونەتە بەغدا بە هەناسەى قەرزاربارکردنى بەغداوە مامەڵەیان کردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە مێزگردێکى ئەلیکترۆنى لە کڵەب هاوس کە "ناس کورد" تیایدا ئامادەبوو، ماجیدە تەمیمى، ئەندامى لیژنەى دارایى لەسەر هاوپەیمانى سائیرون ڕایگەیاند، 500 کاتژمێر کاریان کردووە لەناو لیژنەى دارایى و 350 دیمانەیان لەگەڵ بەرپرسانى عێراق و هەرێم ئەنجام داوە بۆ تاوتوێکردن و ڕێککەوتن لەسەر بڕگەکانی ناو پڕۆژەیاسای بودجە.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، لیژنەیەک پێکهێنراوە و داوایان لە قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەت و سەرۆکى شاندی هەرێم کردووە "هەموو داتا و حساباتی خیتامی پێشکەش بکەن، یەکەمجار ناکۆکییەکان لەسەر ژمارەى ئەو بڕە بەرمیلە نەوتە بووە کە ڕادەستى بکەن و دواتریش لەسەر نرخەکەى بووە کە بە چەندە ڕادەستى بکەن."

 

ماجیدە تەمیمى ناکۆکییەکى نێوان هەرێم و بەغدا ئاشکرا دەکات و دەشڵێت، شاندى هەرێم بەو هەناسەیە هاتوون کە بەغدا قەرزارى هەرێمە و دەبێت بودجەکە ڕەوانە بکەن، "ئێمەش وتوومانە ئەوەمان قبوڵ نییە کە قەرزارى ئێوە بین، وتوومانە بچن ئێوەش داتاى خۆتان بهێنن و ئەوانیش دەیهێنن تا بزانین کام لایان قەرزارن کە ئەوەش یەکێک بووە لە هۆکارى ناکۆکییەکان."

 

بەوتەى ئەو ئەندامە دیارەى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق هۆکارێکى ترى ناکۆکییەکان ئەو پارەیەیە کە لە بانکى بازرگانى عێراقى لە هەرێم دیار نەماوە و لەلایەن هەرێمەوە خەرج کراوە لەکاتی قەیرانەکاندا، پارەکە نزیکەى پێنج ملیار و 743 ملیۆن دینار بووە و بەغدا داواى ئەو پارەیەشى کردووە و چونکە بانکەکە سەر بە فیدراڵە و سووشى دەچێتە سەر.

 

تەمیمى باسى لەوەش کرد، ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە ئەو پارەیە پاکتاو کراوە و وابڕیارە ئەو پارەیە بگەڕێنرێتەوە بۆ بەغدا و شاندى هەرێم وتوویانە بەقەرز لەسەریان حسابى بکەن لە بەشە بودجەى هەرێم قەرەبووى بکرێتەوە.

 

هاوکات وتەبێژى قوباد تاڵەبانى ڕایگەیاند، شاندى هەرێم بەم نزیکانە دەگەڕێتەوە بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستانەکان لەبارەى پشکى هەرێم لە بودجە و ئامادەن یەکێک لەو دوو پێشنیازە جێبەجێ بکەن کە ڕێککەوتنیان لەسەر کردووە.



سەمیر هەورامى دوێنێ سێشەممە، 23 ئازارى 2021، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەى "سەباح"ى فەرمى عێراق کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوەکردووە، ئەو دەقە نوێیەى کە لە چوارچێوەى پڕۆژەى بودجەدا لەسەرى ڕێککەوتوون دوو پێشنیاز لەخۆ دەگرێت.



وتیشى، "هەرێم ئامادەیە یەکێک لەو دوو پێشنیازە جێبەجێ بکات کە رێککەوتنى لەسەر کراوە".



سەمیر هەورامى ئاماژەى بەوەشکردووە، شاندى هەرێم لەچەند رۆژى داهاتوودا دەگەڕێتەوە بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستانەکان و جێبەجێکردنى ئەوەى ڕێککەوتنى لەسەرکراوە، رێککەوتنەکەى لەگەڵ حکومەتى عێراق کە خراوەتە ناو پڕۆژەکەوە یان ئەو ڕێککەوتنەى لەگەڵ بەشێک لە کوتلە سیاسییەکان کراوە لەبارەى پشکى هەرێم.



جەختیشیکردەوە، حکومەتى هەرێم رەزامەندى خۆى نیشانداوە لەسەر جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى پەیوەست بە پشکى هەرێم لە بودجە.



شاندى هەرێم شەوى هەینى دواى دواخستنى دەنگدان لەسەر پرۆژەى بودجە لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە بەغداى بەرەو هەرێمى کوردستان بەجێهێشت.



پێش دواخستنى دانیشتنەکە، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ڕێککەوتنى نێوان شاندى هەرێم و لایەنە شیعییەکانى پەسەندکرد، کە تایبەتە بە رادەستکردنى 460 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان.