ناس کورد-
سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، لیژنەى دارایی و پەرلەمان بەهیچ جۆرێک مافى گۆڕینى نرخى دۆلاریان نییە و ئەو نرخەى دانراوە تەنها بۆ ئاگادارکردنەوەیە "نەک بۆ ئەوەى پەسەند بکەن یان ڕەتی بکەینەوە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هەیسەم جبورى لە مێزگردێکى ئەلیکترۆنى لە کڵەب هاوس بە نوێنەری "ناس کورد" وت، "من پێشنیازێکم کردووە کە نرخى نەوت بە دینار حساب بکرێت بۆ ئەوەى لەو کێشەیە ڕزگارمان بێت" هەروەها وتیشی گێڕانەوەی نرخی دۆلار بۆ 119 هەزار دینار بەرامبەر 100 دۆلار سەدان ملیار دۆلارى دەوێت بۆ پاڵپشتی و پێشتریش بۆی خەرج كراوە، ئەو پارەیە لەکوێ بهێنین؟!".
سەرۆكی لیژنەی دارایی وتیشى، "ئەو ژمارانە یاری نییە و هەریەکەیان لێکەوتەى خۆى هەیە، سندوقى دراوى نێودەوڵەتى پێشنیازى 160 هەزارى کردووە بۆ 100 دۆلار، بەڵام نەمانهێشتووە ئەوە سەربگرێت و لەگەڵ حكومەت كارمانكرد تا لە 145 هەزار جێگیر بوو".
جەختی کردەوە کە ئەوانەى داوای گۆڕینی نرخی تەنها بانگەشەیەکی هەڵبژاردنە و پەرلەمان هیچی پێ ناکرێت لەو ڕووەوە."
زیاتر بخوێنەوە: گەورەترین هەنگاوی پەرلەمانی بۆ گەڕاندنەوەى نرخی دۆلار وەک پێشوو
جبورى پێیوایە 120 هەزار و 119 هەزار دینار هیچ گونجاو نییە بۆ بازاڕى عێراق، "نەوت دوبارە دابەزیوەتەوە و ئەگەر هەیە زیاتریش دابەزێت، نازانین دواى ئەوەش چى ڕوودەدات".
دەشڵێت، "ئێمە قەرزێکمان لە بانکى ناوەندى کردووە بۆ پێدانى سێ موچە، جارێکى تر قەرز بکەینەوە دەچینە ناو کێشەیەکى دیکە، بۆیە ناکرێت لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەکى نرخى نەوتدا نرخى دۆلاریش بگۆڕێت".
جەختیشیکردەوە، دۆلارى هەرزان لە سایەى ئەوەى کە وڵاتانى دراوسێ دراویان داڕوخابێت کێشە دروستدەکات و دۆلارەکەت لێ دەکێشنەوە.
هەیسەم جبوری ڕاشیگەیاند کە "هیواخوازین شەممەى داهاتوو دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەى ساڵی 2021 بدرێت، بۆئەوەش ڕۆژێک یاخود دوو ڕۆژمان پێویستە."