گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دۆلار ’’دابەزینێکى خێرا و بەرچاوى’’ تۆمارکرد

2021.03.23 - 14:24
App store icon Play store icon Play store icon
دۆلار ’’دابەزینێکى خێرا و بەرچاوى’’ تۆمارکرد

ناس کورد-

 

نرخى دۆلار لە بازاڕەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەرانبەر دینارى عێراقى دابەزینێکى بەرچاوى تۆمارکرد.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی بەدواداچوونى "ناس کورد" بۆ نرخى دراوەکان، ئەمڕۆ سێشەممە لەکاتى کردنەوەى بازاڕ 100 دۆلار بەرانبەر بە 146 هەزار دینار مامەڵەى پێوەکراوە، بەڵام پاش نیوەڕۆى ئەمڕۆ بۆ 145 هەزار و 150 دینار دابەزیوە.

 

بازرگانێکى دراو لە کۆمپانیایەکى تایبەتمەندى ئاڵوگۆڕى دراو لە سلێمانى بە "ناس کورد" ى راگەیاند، نرخى دۆلار بەشێوەیەکى کتوپڕ رووى لەدابەزین کردووە و گەیشتووەتە  145 هەزار و 150 دینار.

 

وتیشى "هیچ هۆکارێک دیار نییە بۆ کەمى خواست لەسەر دۆلار، بەڵام زۆربەى مامەڵەکارانى بازاڕى دۆلارەکە، دۆلاریان پێیە و دەیانەوێت بیکەن بە دینار".

 

دابەزینى بەهاى دۆلار تەنها هەرێمى کوردستانى نەگرتووەتەوە، لەبەغدا نرخەکە زیاتر دابەزیوە و بۆرسەى کیفاح لە بەغدا 100 دۆلار بە 144 هەزار و 500 دینار مامەڵەى پێوەکراوە.

 

بەپێی ئامارەکانى بانکى ناوەندى عێراق کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، ئەمڕۆ سێشەممە 96 ملیۆن و 626 هەزار دۆلار بە نرخى 146 هەزار دینار بەشێوەى حەواڵە خراوەتەبازاڕەوە، بەڵام هیچ بڕە دراوێک بە کاش نەخراوەتە بازاڕەوە.

 

داڕوخانى خێراى بەهاى دۆلار لە بازاڕەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان هاوکاتە لەگەڵ لێدوانى بەشێک لە پەرلەمانتارانى عێراق لەبارەى ئەگەرى دابەزاندنى بەهاى دۆلار بەرانبەر دینار لە پڕۆژەى بودجە کە چاوەڕواندەکرێت سەرەتاى هەفتەى داهاتوو بخرێتە دەنگدانەوە.

 

لە پڕۆژەکە نرخى 100 دۆلار بە 146 هەزار دینار جێگیرکراوە، بەڵام ژمارەیەک فراکسیۆن دەیانەوێت نرخەکە بۆ 130 هەزار دینار دابەزێنرێت.