گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

كۆمسیۆن ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لە دەرەوەی وڵات هەڵوەشاندنەوە

2021.03.23 - 12:56
App store icon Play store icon Play store icon
كۆمسیۆن ئەنجامدانی هەڵبژاردنی  لە دەرەوەی وڵات هەڵوەشاندنەوە

ناس کورد-

ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی بڕیاری دا ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەکەمی داھاتوو بەڕێوەبچێت، لە دەرەوەی وڵات ئەنجام نەدرێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە یاسای ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2020 ئەوە ھاتووە کە دەنگدەرانی عێراقی ئەوانەی کە لە دەرەوەی وڵاتن دەتوانن دەنگ بە بازنەی ھەڵبژاردنەکانیان بدەن بە مەرجی بوونی کارتی بایۆمەتری.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوە ڕوونکراوەتەوە کە کۆمیسیۆنی ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێکی ھونەری و دارایی و یاسایی و تەندروستیی بووەتەوە لەوانە تەواونەکردنی تۆماری دەنگدەرانی عێراقی دەرەوەی وڵات بەشێوەی بایۆمەتری و ئەم پرۆسەیەش پێویستی بە نزیکەی 160 ڕۆژ ھەیە لە کاتێکدا وادەی پرۆسەی تۆمارکردنی بایۆمەتری تەنھا 40 ڕۆژی ماوە.

 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق راشیگەیاندووە، وەزارەتی دەرەوە داوای لێبوردنی کردووە لە پرۆسەی تۆمارکردن و دەنگدان لە باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی عێراق لە وڵاتانی دەرەوە بەھۆی ئەستەمبوونی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لەکاتی ئێستا و ئەم خولەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئاماژەی بەوەشکردووە کە پرۆسەی کردنەوەی ھەژماری بانکی بەناوی نوسینگەکانی کۆمیسیۆن لە دەرەوەی وڵات و رێکارە ئەمنیی و کارگێڕیی و داراییەکان لە دەرەوەی وڵات کاتی زیاتری پێویستە.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردن لە شوێنێک کە لە دەسەڵاتی سەروەری عێراق نەبێت ئەوا دەکەوێتە ژێر بڕیارەکانی ئەو وڵاتە و دادگاکانی عێراق مافی ھیچ رێککارێکیان نابێت لەبەرامبەر ئەو سەرپێچییانەی کە لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە ئەنجام دەدرێن.

 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژارنەکانی ئەوەیشی خستووەتە ڕوو کە وەک لە بڕیاری ژمارە 11ی ساڵی 2021ی لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی کە لەلایەن ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە روونکراوەتەوە، ناردنی کارمەندانی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بۆ وڵاتانی دەرەوە لە کاتێکدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە، سەلامەتییان دەخاتە مەترسییەوە.

 

لە راگەیەندراوەکەی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکاندا ئاماژە بەوە دراوە کە بە رەچاوکردنی ئەو ھۆکارانەی سەرەوە و بە پشت بەستن و لەپێناو ئەوەی ھاووڵاتیانی عێراق بتوانن بەشێوەیەکی کارا بەشداریی لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا بکەن.

 

ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە دانیشتنی نائاسایی ڕۆژی دووشەممە رێککەوتی 22ب ئازاری 2021دا بڕیاری دا بە ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە دەرەوەی وڵات کە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021 ئەنجام بدرێت.

لە کۆتایی راگەیەندراوکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم بڕیارە کۆتاییە و لە رووی یاساییە ناکرێت گۆڕانکاریی تیادا بکرێت.

 

لەبارەی ناوەڕۆكی بڕیارەكەشەوە شارەزای یاسایی حاكم شێخ لەتیف لە ڕاگەیەنراوێكدا كە "ناس كورد" دیویەتی، دەڵێت "بڕیارەکە لەروی دەستوریەوە ھیچ کێشەیەکی نیە ، ھیوادارم کۆمسیۆن لەژێر ھیچ فشارێکی سیاسیدا لەم بریارە پاشگەز نەبێتەوە".

 

حاكم شێخ لەتیف باسی لەوەشكردووە بڕیارەكەھەنگاوێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی ساختەکاری، "چونکە ھەندێ لەناوەندەکانی دەرەوە بەتایبەتی لە دەوڵەتانی ھەرێمی دراوسێی عێراق وەک ئۆردن و ئێران وتورکیا سەفەقاتی گوماناوی و ساختەکاری رێکخراویان تێدا ئەنجام دەدرا و کورسی پەرلەمانی بازرگانی پێوە دەکراو دەکڕدراو دەفرۆشرا".