گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

هاوپەیمانێتییەکەى سەدر لەسەر ’’هەڵوەشاندنەوەى’’ ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا هاتەدەنگ

2021.03.22 - 21:52
App store icon Play store icon Play store icon
هاوپەیمانێتییەکەى سەدر لەسەر ’’هەڵوەشاندنەوەى’’ ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا هاتەدەنگ

ناس کورد –

 

پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانى سائیرونى سەر بە موقتەدا سەدر رایگەیاند، ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا هەڵنەوەشاوەتەوە و تەنها "گرفتێکی ئاسایی" ماوە و بەئاسانی چارەسەردەکرێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەدر زەیادی ( 22ی ئازاری 2021) لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی" عێراقییە"ی فەرمی کە" ناس کورد" بینویەتی ڕایگەیاند "بڕیاربوو ڕۆژی هەینی دەنگ لەسەر بودجە بدرێت، بەڵام ماندبوون و شەکتی پەرلەمانتاران بەهۆی مشتومڕەکان لەسەر یاسای دادگای فیدراڵی کە تا کاتێکی درەنگ بەردەوام وایکرد دەنگدان لەسەر بودجە دوابخرێت بۆ ڕۆژی دوایی، ئەگینا تێدەپەڕێنرا".

 

وتیشی "دواخستنی دەنگدان لەسەر بودجە بۆ ڕۆژی شەممە، لەلایەن چەند لایەنێکی سیاسییەوە وەک هەلێک قوسترایەوە بۆئەوەی تەگەرە بخەنە بەردەم تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساکە".

 

زەیادی دەڵێت "پشکی هەرێم هۆکاری سەرەکی نەبوو بۆ دواخستنی دەنگدان لەسەر بودجە، بەڵکو هەندێک لایەنی سیاسی وەک موزایدە داوایانکرد چەند بڕگەیەک بۆ پرۆژە یاساکە زیاد بکرێت کە پێشتر تێیدا نەبووە وەک، گۆڕینی بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار، جێگیرکردنی گرێبەستەکان، دامەزراندن و موچەی ئاوارەکانی کەمپی ڕەفحا و چەند داواکارییەکی تر".

 

ئەوەشی خستەڕوو "ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر سەبارەت بەڕادەستکردنی نەوت و نیوەی داهاتە نانەوتییەکان وەک خۆی ماوە و هەڵنەوەشاوەتەوە، تەنها دیدیکی جیاواز لەنێوان شاندی هەرێم و لیژنەی دارایی پەرلەمان هاتووەتە کایەوە کە ئەوەش پەیوەندی بە میکانزمی بڕینی بەهای ئەو نەوتەوە هەیە کە دەبێت هەرێم ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆی بکات".

 

زەیادی رونیشیکردووەتەوە "هەرێم داوادەکات بەهای ئەو نەوتەی ڕادەستی سۆمۆی دەکات مانگانە لە بەشە بودجەی هەرێم ببڕدرێت نەک هەموو ساڵەکە بەیەک جار".

 

بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، لەڕۆژانی داهاتوودا شاندی هەرێم دەگەڕێتەوە بەغدا و پێشبینی دەکرێت بەزووترین کات ئەو گرفتە چارەسەربکرێت، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان دەستبەرداری داواکارییەکانیان بن ئەو بەدڵنیایەوە ڕۆژی شەممەی داهاتوو بودجە پەسەند دەکرێت.

 

پەرلەمانتارەکەی سائیرون، هۆشداریشدا لە "موزایدەکردنی" هەندێ لایەنی سیاسی "زیادکردنی بڕگە بۆ بودجە کاری پەرلەمان نییە، ئەوە تەنها کاری حکومەتە، چونکە هەموو بەڕگەکانی ناو پرۆژە یاساکە بەوردی پارەی بۆ تەرخانکراوە، زیادکردنی بڕگەی دیکە بۆ ناو پڕۆژە یاساکە، بودجە دوچاری تانەلێدان دەکاتەوە لەلایەن حکومەتەوە کە ئەوەش وادەکات جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ خاڵی سفرو چوارگۆشەی یەکەم".