ناس کورد-
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هۆکاری دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 ئاشکرا کرد و دەڵێت، "بەهۆی ڕێکنەکەوتن بووە لەسەر بڕگەی 11ی تایبەت بە پشکی هەرێم."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سادق مەدلول، ئەندامی لیژنەکە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فەرمی عێراقییە کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (21ی ئازاری 2021) دەڵێت، "دواخستنی دەنگدان بە بودجە بەهۆی نەگەیشتنە ڕێککەوتن بوو لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەبارەى بڕگەی 11ی پڕۆژەیاساکە."
دەشڵێت، "ئەو بڕگەیە زۆر شتی لەخۆگرتووە، چەند کاتژمێرێک پێش دانیشتنەکە شاندی هەرێم لەبارەى چەند بەشێکی بڕگەکەوە ناڕەزایەتی دەربڕیوە."
سادق مەدلول باسی لەوەشکرد کە "چەند پەرلەمانتارێکی تر ناڕەزایەتییان هەیە بەهۆی ئەوەى داواکارییەکانیان لە پڕۆژەیاساکەدا جێگیر نەکراوە" و ڕوونیکردەوە کە "چەند داواکارییەک هەن کە پەرلەمانتاران پێشکەشیان کردووە و لە گفتوگۆکانی ناو لیژنەی داراییدا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، بەڵام هەندێکیان پێویستیان بە پارەی باش هەیە و دەبێتەهۆی زیادکردنی کورتهێنان لە بودجەکەدا."
بڕیارە کاتژمێر 1ی دوای نیوەرۆی ڕۆژی شەممەى داهاتوو، 27ی ئازاری 2021، پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە، ئەوەش دوای چەند جارێک دواخستنی بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە.
شەوی ڕابردوو وتەبیژی قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم نوێترین زانیاری لەبارەی گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، ڕێککەوتنیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدا و چاوەڕێن هەفتەی داهاتوو ئەو دەقە لەگەڵ کۆی پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکرێت.
لە ڕاگەیەنراوێکدا سەمیر ھەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و سەرۆكی شاندی دانوستانكاری هەرێم رایگەیاند، "شاندی حكومەتی ھەرێم دوێنی رێككەوتنی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەنجام دا و دواتر ئەو رێككەوتنە لە لیژنەی دارایی پەسەند كرا و ئێستاش چاوەڕێین ئەو دەقە لەگەڵ کۆی یاساکە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنی ھەفتەی داھاتوو پەسەند بكرێت. "
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ھەفتەی داھاتوو پێش ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە شاندی حكومەتی ھەرێم دەگەڕێنەوە بەغدا و درێژە بە ھەوڵەكانی دەدات بۆ تێپەڕاندی ئەو دەقەی رێككەوتنی لەسەر كراوە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق."