گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

ڕوونکردنەوەیەک لە بنەماڵەی ئەو پێشمەرگە دێرینەی کە پۆلیس دەڵێت: لە زیندان خۆی کوشتووە

2021.03.20 - 21:37
App store icon Play store icon Play store icon
ڕوونکردنەوەیەک لە بنەماڵەی ئەو پێشمەرگە دێرینەی کە پۆلیس دەڵێت: لە زیندان خۆی کوشتووە

 

ناس کورد-

لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی خۆکوشتنی پێشمەرگەیەکی دێرین لە گەرمیان کە "بەهۆی کوژرانی منداڵێکەوە وەک گومانلێکراوێک دەستگیرکرابوو" بنەماڵەی ئەو پێشمەرگە دێرینە ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئەو تاوانبار بوبێت بە کوشتنی ئەو منداڵە و ئەوان ئەو ماڵە ناناسن و گومانیان لە کۆی ڕووداوەکان هەیە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 لەبەرواری 8-3-2021 لەگوندی گردەگۆزینەی سەربەقەزای کەلار مێردمنداڵێک بەناوی (ع. س. ع) لەدایکبووی 2004 دوای دەرچوون لەماڵ دەرچوو نەگەڕایەوە و کەسوکاری سکاڵایان بردە لای پۆلیس، دوای لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون لەبەرواری 14-3-2021 تەرمی ناوبراو لە نزیک شەقامی  نێوان ناحییەی ڕزگاری -  گوندی گردەگۆزینە بەخنکێنراوی دۆزرایەوە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، لەدوای ڕووداوەکە،  لەبەرواری 16-3-2021 دوو گومانلێکراو بەناوەکانی (ج . م . ا ) و ( ا . م . ا ) لەسەر دۆسیەی خنکاندنی ئەو مێردمنداڵە دەستگیرکران.

 

دوای چەند ڕۆژێک لە دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسە و دوێنێ هەینی 19ی ئازاری 2021، پۆلیسی گەرمیان بڵاویکردەوە، یەکێک لەگومان لێکراوەکان لەگرتووخانەی گەرمیان بە تەزوی کارەبا خۆی کوشتووە.

 

لەدوای ئەوەش، بنەماڵەی ئەو کەسە ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاوکردووەتەوە کە ئەمە دەقەیەتی:

 

بۆ ڕای گشتی

دوێنێ هەینی لە دەڤەری گەرمیان هەواڵێکی ناخ هەژین بڵاوبووەوە، ئەویش هەواڵی گیان لەدەستدانی پێشمەرگەی دێرین و پیاوێکی ناسراوی ئەم دەڤەرە ( جمعەی مجید  داویە) بوو.

 

خوالیخۆشبوو چەند ڕۆژێکە لە لایەن پولیسەوە دەستگیرکرابوو، چونکە گوایە لە گرتەیەکی کامیرا ئەو منداڵەی لە گەڵ خۆی سەرخستبوو لە ئۆتۆمبیلەکەی کە ( ١٠ بۆ ۱٥ ڕۆژ ‌) پێش ڕوداوەکە بوو دواتر لە ڕووداوێکی تەم و مژاویدا گیانی لەدەست دابوو.

 

خوالێخوشبوو پاش ئەوەی دەزانێت کە بریاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە زور بە ئاسایی وەریدەگرێت و خۆی ڕادەستی پۆلیس دەکات. پاش ڕاگرتنی، و مانەوەی لە زیندان بۆ چەند ڕۆژێک. هەواڵی کۆچ کردنی بڵاوکرایەوە کە گوایە بە تەزوی کارەبا خۆی کوشتووە.

 

خوالێخوشبوو پیشمەرگەی دێرین و کەسایەتیەکی ناسراوی دەڤەرەکەیە و هەمیشە دەستی درێژ کردبوو بۆ هەموو کەسێک کە پەنای بۆ بردبێت. زورن ئەوانەی ئەم پیاوە دەستی هاوکاری بۆ درێژ کردبێتن و یەکێکە لەو پێشمەرگە بە ئەمەکانەی کە لە زوربەی شەرەکانی بەرگری لە کوردستان بەشداری کردووە و هەرگیز تەنانەت ئەگەر بۆ جارێکیش بێت ناوی نەک لە تاوانێک نەهاتووە، بەڵکو کەسێک نیە کە بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەم پیاوە زەرەر و زیانێکی پێ گەیاندبێت، سەرەڕای ئەوەی کە کەسێکی دەست ڕۆیشتوو بووە جگە لە پیاوەتی و هاوکاری کردنی هەموو کەسێک کە پێویستی بە هاوکاری بووە، هیچ دەنگ و باسێکی تر لە سەر ئەم پیاوە نەبووە.

 

کەیسی ئەو منداڵەش هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوە بووە و بە پێی زور سەرچاوەش خوالێخوشبوو جگە لە ئەو گرتە ڤیدیویە کە منداڵەکەی لە ئۆتۆمبیلەکەی سەرخستووە هیچ بەڵگەیەکی تری لە سەر نەبووە کە ئەم دەستی لەو تاوانە بێت. ئێمە وەکوو بنەماڵەی خولێخوشبوو گومانمان لە کۆی ڕوداوەکان هەیە و بە هیچ جۆرێک ئەو ماڵە ناناسین وە هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتیمان لەگەڵ  بنەماڵەی منداڵە کۆچکردووەکەدا نیە .

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وهەندێ  پەیج هەواڵی ناڕاست بڵاوکراوەتەوە هەرهەمووی ڕەتدەکەینەوەو شتی ناڕاست و دوورن لە ڕاستی و دڵنیاین ئەوەی لە نزیکەوە ئەو پیاوە بناسێ هیچ گومانێکی خراپ ناکات و لە مەرامە گڵاوەکانی

ئەو بڵاوکراوانە تێدەگات ...

            لە گەڵ ڕێزی بنەماڵەی کۆچکردوو