ناس کورد-
ئەمجەد عیقابی، پەرلەمانتاری لیستی سائیرونی سەدر ڕایگەیاند، ئەو ڕاگەیەنراو و لێدوانانەی داوای گێڕانەوەی دۆلار دەكەن بۆ نرخی كۆن ئامانجیان ڕازیكردنی دراوسێكەی عێراقە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عیقابی لە تویتێكدا كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە (20 ئازاری 2021) نووسیویەتی، ئەو ڕاگەیەنراو و لێدوانانەی داوای گێڕانەوەی نرخی دۆلار دەكەن بۆ باری پێشووی مەبەستیان عێراق و هاوڵاتی عێراقی نییە، بەڵكو ڕازیكردنی دراوسێیان دەوێت، وەك ئاماژەیەك بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران.
عیقابی لە شێوەزاری عامی باسی لەوەكردووە بۆچی داوای نرخی پێشووی دۆلار دەكەنەوە؟ چونكە دراوسێ زەرەرمەندبوون لە نرخی نوێی دۆلار.
پێشتر مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران ئەوەی ئاشكراكرد بەهۆی نرخی نوێی دۆلارەوە كۆتاییان بە دیاردەی "مەزاتی دراوی بەدناو" هێناوە كە دۆلارێكی زۆر بەنرخی 118 یان 119 هەزار بۆ هەر 100 دۆلارێك دەفرۆشرا و لەبازاڕدا بە دەوروبەری 125 هەزار دینار لەلایەن بانكەكانی بەشدار لەو مەزاتە ساغ دەكرایەوە.
دوێنێ ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، بەشێوەیەکى سەرەتایی ڕەزامەندى دراوە لەسەر دابەزاندنى نرخى دۆلار بەرانبەر دینارى عێراقى لە پڕۆژەى بودجەدا.
ئەرشەد ساڵحى لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، داوایان کردووە نرخى دۆلار بەرانبەر دینار دابەزێنرێت لە پڕۆژەیاسای بودجەکەدا و بەشێوەیەکى سەرەتایی رەزامەندى دراوە.