گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’کازمی سورە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنیان’’

پێشنیازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە

2021.03.20 - 09:53
App store icon Play store icon Play store icon
پێشنیازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە

ناس کورد-

دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ڕایگەیاند، مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیران فەرمانی کردووە بە چاودێریکردنی دۆسیەی دەروازە سنورییە نافەرمییەکان "کە زۆربەیانی لە هەرێمی کوردستانن" و داوای داخستیان دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عومەر وائیلی، سەرۆکى دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فەرمیی عێراقییە کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (20ی ئازاری 2021) دەڵێت، "چەندین دەروازەی سنوریی و مەرزی نافەرمی هەن کە زۆربەیان لە هەرێمی کوردستانن."

 

دەشڵێت، "دەستەکە چەند پێشنیاز و نوسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران کە هاوکات فەرماندەی هێزە چەکدارەکانە کردووە و هەروەها کۆپییەکی ناردووە بۆ فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و هێزەکانی پاسەوانی سنور و داوای کردووە ئەو دەروازە و مەرزانە دابخرێن."

 

عومەر وائیلی جەختی کردەوە کە "سەرۆک وەزیرانی زۆر بە وردی چاودێری ئەو بابەتە دەکات و چەندین جار داوای کردووە ئێمە بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیە بکەین، بەڵام داخستنی ئەو دەروازە و مەرزانە لە ئەستۆی فەرماندەیی گشتیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و پاسەوانی سنورە، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان."

 

سەرۆکى دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق باسی لەوەشکرد کە "تائێستا دەروازە سنورییەکانی هەرێم لەژێر ڕکێفی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراقدا نین، هەروەها هەرێم تائێستا بڕیاری ژمارە 13ی ساڵی 2019ی ئەنجومەنی وەزیرانی جێبەجێ نەکردووە."

 

دەشڵێت، "تائێستا وەڵامی ئەو پێشنیازەمان نەدراوەتەوە کە بە ڕێگەیەکی یاسایی و ئیداریی لەڕێگەی ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە نێردراوە بۆ کردنەوەى نوسینگەی هەماهەنگی لە هەرێمی کوردستان تاوەکو بتوانین بڕگەکانی بڕیاری ژمارە 13 جێبەجێ بکەین، بۆیە تائێستاش دەروازە سنورییەکانی هەرێم نەبەستراونەتەوە بە دەروازە سنورییەکانی حکومەتی فیدڕاڵەوە."

 

عومەر وائیلی جەختی کردەوە کە "بابەتەکە لە دەستی هەرێمدایە کە بریتییە لە کرانەوە بەڕووی دەستەی دەروازە سنورییەکانی حکومەتی فیدڕاڵدا تاوەکو بتوانین کۆنتڕۆڵی تەواوی تەواوی دەروازە سنورییەکانی عێراق بکەین بەوانەی هەرێمی کوردستانیشەوە."

 

ڕوونیشیکردەوە کە "بڕیاری ژمارە 84ی ساڵی 2020ی ئەنجومەنی وەزیران جەخت دەکاتەوە کە دەبێت کاری دەروازە سنورییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی 24 کاتژمێری بێت، هەروەها پێویستە کامێرای چاودێری دابنرێت، چەند لیژنەیەکیش بە بەردەوامی دەربچن بۆ پشکنین و چاودێریکردن."