گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بودجە و پشکی هەرێم

ڕۆژی یەکلاییکەرەوە بۆ بودجە.. داراییش دڵنیایی دەدات لەبارەى پشکی هەرێم

2021.03.20 - 09:19
App store icon Play store icon Play store icon
ڕۆژی یەکلاییکەرەوە بۆ بودجە.. داراییش دڵنیایی دەدات لەبارەى پشکی هەرێم

ناس کورد-
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دڵنیایی دەدات لەوەی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان هەرێم و بەغدا کراوە لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 لە بەرژوەندی هەردوولایە و جەخت دەکاتەوە کە ئەمرۆ دەنگی لەسەر دەدرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شیروان میرزا، ئەندامی کوردی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (20ی ئازاری 2021) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدەدرێت بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق، ئەوەش دوای ئەوەی پڕۆژەیاساکە لە لیژنەی دارایی خوێندنەوەی بۆ کرا و پشکی هەرێمیش پەسەندکرا.


باسی لەوەشکرد، ئەو بڕگەیەی دیاریکراوە بۆ هەرێمی کوردستان لە بەرژوەندی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدایە و سەرجەم فراکسیۆنەکانیش یەکدەنگن لەسەر ئەو ڕێککەوتنەی کراوە.


سەبارەت بەوەی دەوترێت بەو ڕێککەوتنەی کراوە بودجەیەکی کەم بۆ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتی، "ئەو ڕێککەوتنە بەجۆرێکە ئەگەر بەراوردی بکەی وەکو ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە و زیانی بۆ هەرێمی کوردستان نییە".


پێشتر موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو لە میانی لێدوانێکی ڕۆژنامەنوسی کە "ناس کورد" بینەری بوو وتی، "دڵخۆش نیم بەو ڕێککەوتنەی لەنێوان هەرێم و بەغدا کراوە، چونکە ئەو داهاتەی بۆ هەرێم دەمێنێتەوە بڕێکی زۆر کەمە و حکومەتی هەرێم تەنها شەرعیەتێکی بۆ فرۆشتنی نەوت وەرگرتووە، پێم وایە ئەو ڕێککەوتنە دەبوو بە جۆرێکی دیکە بێت".

 

باسی لەوەشکرد، "ئەگەر 10 ترلیۆن دیاریکرابێت بۆ هەرێم ئەگەر بەنرخی سۆمۆ 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە ڕادەست بکرێت لەگەڵ 50% داهاتی ناوخۆ ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ هەرێم بڕێکی زۆر کەمە."


جەختی لەوەشکردەوە، "هیچ گرفتێک لەبەردەم ئەم رێککەوتنە نابینم و پێم وایە وەکو خۆی تیپەڕدەبێت بەڵام ڕێککەوتنەکە خراپە".

 

بەپێی ئەو ماددەیە، هەرێمى کوردستان رۆژانە لانى کەم 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى عێراق دەکات، لەکۆى 460 هەزار بەرمیل نەوتى بەرهەمهێنراو، ئەوەى دیکەى بۆ بەکارهێنانى ناوخۆ و کرێی بەرهەمهێنان و گواستنەوەيه، لەگەڵ رادەستكردنى نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان، هەروەها دەبێت تا کۆتایی حوزەیران سەرجەم داتاکانى تایبەت بە فەرمانبەران رادەستى بەغدا بکات.