گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەکتەبی سیاسی پارتى: گومانمان هەیە لە لێکۆڵینەوەکانى تایبەت بە تەقەکردن لە بارەگاکانمان

2021.03.19 - 17:15
App store icon Play store icon Play store icon
مەکتەبی سیاسی پارتى: گومانمان هەیە لە لێکۆڵینەوەکانى تایبەت بە تەقەکردن لە بارەگاکانمان

ناس کورد-

 

مەکتەبی سیاسی پارتى رایگەیاند، دەستگیرنەکردنى ئەو کەسانەى لە سنووری پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی تەقە لە بارەگاکانیان دەکەن، گومان لە جدیەتی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ئەو  روداوانە دروستدەکات.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شەوى ڕابردوو جارێکی تر تەقە لە بارەگاى لقى 12ى پارتى دیموکراتى کوردستان لە هەڵەبجە کرا و تەنها زیانى ماددى لێکەوتەوە.

 

مەکتەبی سیاسی پارتى 19ئازارى 2021  لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، "کە بابەت دەبێتە تەقەکردن و هێرشکردنە سەر بارەگاکانی پارتیمان، نە کامێراکانی چاودێری و نە دامودەزگا پەیوەندارەکان زانیاریان لەلا دەست ناکەوێت".

 

ده‌قی راگه‌ینراوه‌که‌:

شەوی رابردوو (18 لەسەر 19ـی ئاداری 2021)، جارێکی دیکە لە دوو لاوە تەقە لە بارەگای لقی 12ی هەڵەبجەی شەھید کرایەوە، بەداخەوە چەندەمین جارە تەقە لە بارەگاکانی پارتیمان دەکرێت لە سنووری پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی، دووبارە و چەندبارەبوونەوەی ئەو کردەوە دوژمنکارانە و دەستگیرنەکردنی بکەرانی گومان لە جدیەتی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ئەم  روداوانە دروستدەکات، بەتایبەتی کە لە هەندێ‌ رووداو  و تاوانی دیکەدا دەزگا ئەمنییە بەرپرسیارەکان بەزوویی بکەرانیان دەستنیشان کردووە و دەستگیرکراون، بەڵام کە بابەت دەبێتە تەقەکردن و هێرشکردنە سەر بارەگاکانی پارتیمان، نە کامێراکانی چاودێری و نە دامودەزگا پەیوەندارەکان زانیاریان لەلا دەست ناکەوێت!...

 

ئێمە ئیدارەی دەڤەرەکە و دام و دەزگا ئەمنیەکان بە بەرپرس دەزانین لە دۆزینەوە و بەسزاگەیاندنی یاسایی ئەوانەی ئەم کارە ترسنۆکانە و دوور لە شارستانیەتە ئەنجام دەدەن، بەردەوام بوونی ئەم حاڵەتە و دەستگیرنەکردنی تاوانبارن دەبێتە هاندەری خەڵکی دیکەش لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێم بۆ تەقەکردن لە بارەگای حزبەکان و بێ‌ حورمەتی کردن بەرامبەریان و دروستکردنی کەش و هەوایەکی نالەبار بۆ کار و چالاکی حزبەکان، بۆیە هانی ئیدارە و دامودەزگا ئەمنییە پەیوەندارەکان دەدەین، بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستن لە پاراستنی بارەگاکانمان و دۆزینەوەی هەرچی زووتری تەقەکەرانی شەوی رابردوو و پێشوتریش، ھەروەھا بەگوێرەی یاسا لە یاسادەرچووان سزابدرێن بۆ ئەوەی رێگا لە تەشەنەسەندنی ئەم دیاردە ناشرینە بگیرێت.

 

مەکتەبی سیاسی

پارتی دیموکراتی کوردستان

19ـی ئاداری 2021