گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حەوت بڕیار لە ژورى ئۆپراسیۆنى هەولێرەوە: دەرگا بۆ گەشتیاران دەکرێتەوە

2021.03.19 - 16:33
App store icon Play store icon Play store icon
حەوت بڕیار لە ژورى ئۆپراسیۆنى هەولێرەوە: دەرگا بۆ گەشتیاران دەکرێتەوە

ناس کورد-

 

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر حەوت بڕیارى تایبەت بە ئامادەکاریی و رێوشوێنەکان بۆ رۆژانى نەورۆز دەرکرد، لەناویاندا قەدەغەى گردبوونەوە، رێگەدان بە گەشتیاران بۆ چونە پارێزگاکە بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راگەیەنراوێکى لیژنەکە کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، ئاگری سیومبولی نەورۆز به‌بێ هیچ گردبوونه‌وه‌ و کۆبوونه‌وه‌یه‌کی جەماوەری لەیەک شوێنی هەولێر کە لەلایەن پارێزگای هەولێر دەستنیشان کراوە دەکرێتەوە، هەرجۆرە کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەکی دیکە لەهەرشوێنێکی دیکە بۆ ئەو مەبەستە قەدەغەیە و هەرکەس سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە بازگەکانی هەولێر، لەگەڵ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئامادەباشی تەواوکراوە بۆ هاتنی گەشتیاران و گروپی گەشتیاری بۆ هەولێری پایتەخت، بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگییەکی تەواو کراوە تاوەکو ئاسانکاری بۆ گەشتیاران بکرێت، بەپێی ئەو ڕێنمای و بڕیارانەی پێشوو کە هه‌ر هاووڵاتییه‌ک ده‌بێت پشکنینی کۆرنای کردبێت و 72 کاتژمێری بەسەردا تێپەڕ نەبووبێت، بۆیە داواکارین لەهەموو لایەک پابەندی لەو بڕیارە بکەن.

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

 

بەبۆنەی جەژنی نەورۆز سەری ساڵی نوێی کوردییەوە گەرمترین پیرۆزبایی لەهاوڵاتییانی  هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەین و هیوادارین نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە ماییەی خێرو خۆشی بۆ هەموو کوردستانیان بەگشتیی و هاوڵاتییانی هەولێر بەتایبەتی، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وێڕای بەرزو پیرۆز ڕاگرتنی ئەم یاد‌ە، بەهۆی ڕێنماییە تەندروستییەکان و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، پلانی ڕۆژانی جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ بەمشێوەیەی خوارەوە ڕادەگەێنێ:-

 

یەکەم/ ئاگری سیومبولی نەورۆز به‌بێ هیچ گردبوونه‌وه‌ و کۆبوونه‌وه‌یه‌کی جەماوەری لەیەک شوێنی هەولێر کە لەلایەن پارێزگای هەولێر دەستنیشان کراوە دەکرێتەوە، هەرجۆرە کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەکی دیکە لەهەرشوێنێکی دیکە بۆ ئەو مەبەستە قەدەغەیە و هەرکەس سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

           

دووەم/ سەرجەم هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، ئاگادار دەکەینەوە، گەشت و سەیران بەمەرجی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و دروستنەکردنی قەرەباڵغی و گردنەبوونەوەی ژمارەی زۆری چەندین خێزان بەیەکەوە ڕێگە پێدراوە، هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری (4) تۆن و ماتۆڕسکیل لە رۆژانی 20 تاوەکو 24ی ئازار بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە. 

 

سێیەم/ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، هێزەکانی (ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، نەهێشتنی تاوان، بەرگریی شارستانی) و تێکڕای هێزە ئەمنییەکانی دیکەی، بەپێی پلانێکی ئەمنیی تۆکمە بۆ ڕۆژانی نەورۆز و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان لە ناو شارو شارۆچکەکان ڕاسپاردووە لە ئامادەباشیی تەواودابن و ڕێگری لە هەر حاڵەتێکی نایاسایی و نائاسایی بکەن، ئەمە وێڕای دانانی مەفرەزەی گەڕۆک لە ناو کۆڵان و گەڕەکەکاندا بە بەردەوامی و هێزە هاوبەشەکان و تیمەکانی تەندروستیش لەسەیرانگاکاندا بۆ گرتنە بەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان لەئەرک دادەبن.

 

چوارەم/ لە بازگەکانی هەولێر، لەگەڵ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئامادەباشی تەواوکراوە بۆ هاتنی گەشتیاران و گروپی گەشتیاری بۆ هەولێری پایتەخت، بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگییەکی تەواو کراوە تاوەکو ئاسانکاری بۆ گەشتیاران بکرێت، بەپێی ئەو ڕێنمای و بڕیارانەی پێشوو کە هه‌ر هاووڵاتییه‌ک ده‌بێت پشکنینی کۆرنای کردبێت و 72 کاتژمێری بەسەردا تێپەڕ نەبووبێت، بۆیە داواکارین لەهەموو لایەک پابەندی لەو بڕیارە بکەن.   

 

پێنجەم/ وێڕای ده‌ستخۆشی له‌بەرپرس و ئەفسەرانی بازگەکان و کارمەندانی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانییان، ڕامانسپاردوون بەمەبەستی دروستنەبوونی قەرەباڵغی (تاسە)ی نێو بازگەکان هەڵبگیرێت و لە هەموو ڕوێکەوە لەگەڵ هاوڵاتییان سیمای جوان و سەردەمیانەی هەولێری پایتەخت لە میوانداری و میوان دۆستیدا نیشان بدرێت، لەڕۆژانی نەورۆزدا لەکاتی گەشت و سەیران ئاسانکاری تەواو بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان بکرێت.

 

شەشەم/ پاک ڕاگرتنی شوێنە گشتییەکان و پاراستنی ژینگە، ئەرکی هەمووانە بەبێ جیاوازی، بۆیە داوا لە هاوڵاتییانی خۆشەویستی سنووری پارێزگاکەمان دەکەین، لەکاتی گەشت و سەیران و چوونەدەرەوەیاندا بەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ پاراستن و پاک و خاوێن ڕاگرتنی ژینگە و پارێزگاریکردن لە درەخت و سەوزاییەکان بکەن و پاشماوە و پیسی و ئاگر لەدوای خۆیاندا لەشوێنەکان جێنەهێڵن.

 

حەوتەم/ داوا لەهاوڵاتییان دەکەین، لەم قۆناغە هەستیارەدا کە بەداخەوە ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو بەشێوەیەکی خێرا بڵاو دەبێتەوە و ڕۆژ دوای ڕۆژ ژمارەی تووش بووان لە زیادبووندایە، بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی مامەڵە لەگەڵ بڕیار و ڕاسپاردەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بکەن و لەپێناو سەلامەتی خۆیان و ئازیزانیان، پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بن و (دەمامک) ببەستن.

 

                                                                                            

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر

2021.3.19