ناس کورد-
فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕەتیدەکاتەوە هیچ ئەندامێکیان لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا بۆ دەنگدان بۆ هەمواری یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی بەشداری نەکردبێت و ڕایگەیاند، سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنەکە پێکەوە یەکهەڵوێست بوون و ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە کە دەڵێن، بەشێک لە ئەندامانی فراکسیۆنەکە بەشداریی دانیشتنەکەیان نەکردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕوونکردنەوەیەکدا بەختیار شاوەیس، وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق (پێنجشەممە 18ی ئازاری 2021) ڕایگەیاند، "لە چەند میدیایەک بڵاوکردوەتەوە کە گوایە بەشێک لەئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتیی نەچونەتە ژوورەوە و بەشداری دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان نەکردوە بەمەبەستی دەنگدان لەسەر پرۆژە هەمواری یاسای دادگای باڵای فیدراڵی."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە بەهەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کەفراکسیۆنی یەکێتیی پێکەوە هەمومان بەشداری کۆبوونەوەکە بووین و یەک دەنگ و یەکهەڵوێستین بەرامبەر کۆی پێشهاتە سیاسی و پرسە یاساییەکان."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هەر لێرەشەوە داوا لەهەموو لایەک دەکەین کەبگەرێنەوە بۆ تۆماری ڤیدیۆیی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆئەوەی زیاتر راستی و مصداقیەتی ئەو میدیایەتان بۆ دەربکەوێت کە ئەو هەواڵەی بڵاوکردووەتەوە."
لە میانەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا (پێنجشەممە 18ی ئازاری 2021) کۆی مادەکانی هەمواری یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی پەسەندکرا و جگە لە فراکسیۆنی یەکێتی، سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکانی دیکە دانیشتنەکەیان بایکۆت کرد.
بەوبۆنەیەشەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان شەڕێکی میدیایی دژی یەکێتی دەستپێکردووە و لە بەرامبەردا پێشووتر، فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پارتی بە تاکلایەنانە بڕیاریداوە و یەکڕیزی کوردی لە بەغدا تێکداوە.